Erbil 3°C سێشەممە 07 کانوونی دووەم 06:14

کۆمسیۆن: لەمڕۆوە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی 30ی ئەیلوول ده‌کرێت

کۆمسیۆن ناکەونە ژێر کاریگەریی هیچ کەس و هیچ حزبێک
کوردستان TV
#7
100%


گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لەمڕۆوە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکانی 30ی ئەیلوولی 2018 دەست پێ دەکات و تەنیا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشیان لێ کراوە.

شێروان زرار گوتەبێژی کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە ئەنجومەنی کۆمسیاران دەستدەکات بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە  30ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

ئەوەشی ڕاگەیاند، خشتەی كارەکانمان پەسەندكراوە و کۆمسیۆنیش كاری لەسەر تۆماری دەنگدەران کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، یاداشتی حزبەكان قسەی لەسەر كراوە، و كۆمسیۆن لە ئێستادا تەنھا خۆی ئامادە دەکات بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان.

دووپاتیشی کردەوە کە ئەوان وەکوو کۆمسیۆن ناکەونە ژێر کاریگەریی هیچ کەس و هیچ حزبێک و ڕێکاری خۆیان بۆ هەموو کارەکان هەیە، بەڵام ”ئاساییە گوێ لە لایەنە سیاسییەکان بگرین، لە کۆتاییشدا ئەنجومەنی کۆمسیاران بڕیار لەسەر هەڵبژاردنەکان دەکات“.

هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ڕێکارەکانى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەسەندکرد و سێ بژاردەشى تاوتوێکرد بۆ چۆنیەتى ئەنجامدانى هەڵبژاردن.

لەبارەی یاداشتی قەوارە سیاسییەکانیشەوە ئاشکرای کرد کە یاداشتی پێنج لایەنی سیاسییان بەدەست گەیشتووە کە تێیدا داوای (پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بەکارنەهێنانی سندووقی زیرەک، پرسپێکردنیان لە ڕێکارەکانی هەڵبژاردن، ئەنجامدانی کارەکانی کۆمسیۆن بە شەفافی و ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوانیان لەگەڵ کۆمسیۆن) کردووە.

شایه‌نى باسه‌ 8ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى حکومەتى هەرێمی كوردستان لە مەرسومێکدا ڕۆژى 30ی ئەیلولى ئەمساڵى دیاریکرد بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمان، هەفتەى ڕابردووش لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ئەگەر لایەنەکان ڕێکبکەون ئامادەن هەموو هەڵبژاردنەکان پێکەوە ئەنجام بدرێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.