Erbil 26°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 22:18

د. دیندار زێباری: ئه‌و داعشانه‌ی هیچ تۆمەتێکیان بەسەردا ساغ نه‌بێته‌وه‌ به‌پێی یاسا ئازاد دەکرێن

كۆی گشتی ده‌ستگیركراوانی داعش له‌و ماوه‌یه‌دا (2124) به‌ندكراو بووه‌
کوردستان TV
#7
100%


ئەمڕۆ 21ی ئایاری 2018 دیندار زێباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌ستگیركراوانی داعش و شێواز و چۆنیه‌تی دادگاییكردنیان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ زۆربه‌ی راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان باسیان لێوه‌ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی مافه‌كانیان وه‌ك هه‌ر ده‌ستگیركراوێك و ئه‌و مادده‌ یاساییانه‌ی كه‌ پێیان دادگایی ده‌كرێن.

د. دیندار  زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "دەستگیركراوانی داعش و شێواز و چۆنیەتیی دادگاییکردنیان لە هەرێمی کوردستان لە زۆربەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا باسیان لێوە دەكرێت، بەتایبەتی لە ڕووی مافەکانیانەوە، وەک هەر دەستگیرکراوێک و ئەو ماددە یاساییانەی کە پێیان دادگایی دەکرێن. لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئەوە ڕوون بكەینەوە كە ئەو دەستگیركراوانە وەك هەموو دەستگیركراوانی دیكە بە یەكسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، بە پێی پرەنسیپی تاوانبار، بێتاوانن تا ئەو كاتەی تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە."

زێباری دەربارەی هەمان پرس و چۆنیەتیی دادگاییکردنی ئەو تۆمەتبارانە گوتی: "لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە، پەیڕەو دەکرا، ئه‌و یاسایه‌ تا ١٦/٧/٢٠١٦ كاری پێ کرا. بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە کاری تیرۆریستییەوە گلاون، کار بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو دەکرێت."

هەرکاتێک دەستگیرکراوان تۆمەتی پەیوەندیكردنیان بە داعش، یان هاوكاریكردنی داعشیان بەسەردا ساغ بووەوە، ئەوە بە پێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و كەسوكاریشیان ئاگادار دەكرێنەوە لە تۆمەتەكانیان، لە هەمان كاتدا هەموو مافێكیان هەیە، وەك سەردانیكردنی كەسوكاریان و بوونی پارێزەر بۆ ئەوەی بەرگرییان لێ بكات، بەڵام ئەگەر لە میانەی لێكۆڵینەوەكاندا هیچ تۆمەتێكیان بەسەردا ساغ نەبووەوە، ئازاد دەکرێن.

دەربارەی ڕێوشوێنەکانی دەستگیرکردنیان زێباری گوتی: لەو کاتەی کە داعش دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتبوو ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان ئاوارە بوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، لەبەر ئەوەی لەو حاڵەتەدا کە هێزەکانی پێشمەرگە سەرقاڵی بەرگریکردن بوون، جیاکردنەوەی هاووڵاتیانی ئاسایی و ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە کارێکی ئاسان نەبوو و ئاستەنگی زۆری بۆ پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەکان درووست دەکرد، بۆیە چەند ڕێووشوێنێکی ئەمنی دەگیرایە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و خودی ئاوارەکان و ڕێگانەدان بە دزەکردنی تیرۆریستان بۆ نێو هاووڵاتیان.

زێباری تیشکی خستە سەر ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش و لەم بارەوە گوتی: "لە دادگاى لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لە ڕێکەوتی ١/٦/٢٠١٧ تاکو ٢٠/٣/٢٠١٨ دەستگیرکراونی داعش بەم شێوەیە بوون:

کۆی گشتیی دەستگیرکراوانی داعش لەو ماوەیەدا (٢١٢٤) بەندکراو بووە، هەر لەو ماوەیەدا  (٦٦٦) کەسی دیکە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیر کراون، هەروەها (٥٨٩) بەندکراو لە لایەن دادگاوە سزا دراون و (٢٧٣) کەس بە فەرمانی دادگا ئازاد کراون و (٥٩٦) کەسیش تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.

لە ڕێکەوتی ١/٧/٢٠١٧ تا ١٤/٢/٢٠١٨ لە دادگای نەوجەوانانی هەولێر (١٩٤) کەس سزا دراون، لەوانە (٢) کەسیان ئازاد کراون، لە لایەکی دیکەوە لە ڕێکەوتی ١/٧/٢٠١٧ تاکو ٣١/٣/٢٠١٨ لە دادگای تاوانی هەولێر/٢، (٤٠٨) کەیسی تایبەت بە ماددەی تیرۆر یەکلا کراونەتەوە. سەبارەت بە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی سەرۆکایەتیی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی (٥) کەس دەستگیر کراون، لەوانە (٢)یان بڕیاری دادگایان بۆ دەرچووە و سزا دراون و (٢)یان ئازاد کراون و یەکیان هێشتا کەیسەکەی لە دادگا یەکلا نەبووەتەوە، لە لایەکی دیکەوە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی دهۆک لە ڕێکەوتی ١/٦/٢٠١٧ تاکو ٢٨/٣/٢٠١٨ ژمارەی دەستگیرکراوانی داعش بەم شێوەیە بوو: (٢٧٦) کەس دەستگیر کراون، (١٧٣)یان سزا دراون، و (١١١) کەسیش ئازاد کراون و کەیسێکیش تا ئێستا لە دادگا یەکلا نەبووەتەوە.

زێباری ئەوەیشی خستە ڕوو، کە لە دادگاکانی کەرکووک/گەرمیانیش ژمارەیەک لە تۆمەتباران بە تۆمەتی پەیوەندیکردنیان بە داعشەوە دەستگیر کراون و لەم ڕووەوە گوتی: "بە پێی ئامارەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکوک/گەرمیان لە ماوەی ڕابردوودا (٢٠) کەس دەستگیر کراون، (٣) کەس لە تۆمەتباران سزا دراون و (١٢) تۆمەتبار بە بڕیاری دادگا ئازاد کراون و (٥)یان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، سەبارەت بە دادگای تاوانەکانی کەرکوک/گەرمیان لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ تاکو ٢٨/٣/٢٠١٨ چەند کەیسێک ئیحالەی ئەم دادگایە کراون، کە ژمارەیان (٦٣) کەیس بووە، لەوانە (١٧) تۆمەتبار لە لایەن دادگاوە سزا دراون، (٢٥) تۆمەتبار بە بڕیاری دادگا ئازاد کراون و (٢١) تۆمەتباریش لە قۆناغی دادگاییکردندان و کەیسەکانیان یەکلایی نەبووتەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.