دوای ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زۆر لە سەركردە و سیاسییەكان داوا دەكەن، كورد هاوپەیمانی لە نێوان خۆیان دروست بكەن و بە یەكدەنگی بڕۆنەوە بەغدا، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ئەمە ڕەت دەكاتەوە و پەرلەمانتارێكیان رایدەگەیەنێت" هاوپەیمانی كوردستان دروست ناكەین و ناچینە ناویەوە".
لەوەتەی كاتی هەڵبژاردنی عێراق دیاری كراوە، پسپۆڕانی سیاسیی و شەقامی كوردستان داوای دروستكردنی هاوپەیمانی كوردستانی دەكەن، بۆ ئەوەی دەنگ و پێگەی كورد لە بەغدا بەهێزتر بێ، بە تایبەت كە لە چوار ساڵی رابردوودا زۆر باجی ناتەبایی ناوخۆی دا لە بەغدا، بەڵام كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر وەك خۆیان ماونەتەوە و رای گشتیی لەو روانگەیەوە داوای یەك لیستی یان یەك هەڵوێستی كوردستانی لە لایەنەكان دەكەن.
لهم بارهوه ئەمین بەكر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە كهنالى "بغداد الیوم"ی ڕاگەیاندوه، كه بەهیچ شێوەیەك هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی و یەكێتی نابەستن و وتى" ئێمە بەشێوەیەكی سەربەخۆ و تەنیا دەگەڕێینەوە بەغدا و هاوپەیمانی لەگەڵ حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە دەبەستین.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان هۆی نەبەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ حزبە كوردییەكانی تر بۆ گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدا و سەپاندنی پێگەیەكی قورستر بۆ بەدیهێنانی مافەكانی كورد، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە "پارتی و یەكێتی گەندەڵن و هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ ئەوان هیچی لێ شین نابێ".
دوێنێ سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا دووپاتی لەوە كردەوە، پێویستە بە یەكڕیزی كورد بچێتەوە بەغدا و مافە دەستوورییەكانی بەدی بهێنێت. هاوكات نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی هەمان داوای دووپات كردەوە و یەكێتیش ئامادەیی خۆی بۆ یەكڕیزی و دروستكردنی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ چوونەوە بەغدا دەربڕیوە، بەڵام گۆڕان ڕەتی دەكاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.