Erbil 14°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 15:42

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان په‌یامێک بڵاو ده‌کاته‌وه‌

له‌ناوه‌ڕۆك خوێنه‌رى ده‌قى په‌یامه‌كه‌ به‌
کوردستان TV
100%

دوای ته‌واو بوونى پڕۆسه‌ى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ، كه‌تێیدا هاوڵاتیانى عێراق و كوردستان به‌شدارى پرۆسه‌كه‌یان كرد له‌ده‌نگدانیان به‌كاندیدان له‌لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانى هه‌ڵبژاردن ، پارتى دیموكراتى كوردستان توانى ئه‌نجامێكى دڵخۆشكه‌ر تۆمار بكات له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌جۆرێك وه‌ك حزب له‌سه‌ر ئاستى عێراق و كوردستان زۆرترین ده‌نگ و كورسى به‌ده‌ست هێنا . 

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ ده‌زگاى رۆشنبیرى و راگه‌یاندنى پارتى دیموكراتى كوردستان په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌  وێڕاى پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنى لیستى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ،  ئاماژه‌ به‌ ماندووبوون و كاروچاڵاكیه‌كانى ده‌زگاكانی راگه‌یاندنى پارتى ده‌دات له‌رۆژانى بانگه‌شه‌ و وه‌ڕۆژى هه‌ڵبژاردن ، ده‌قى په‌یامه‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ى  ده‌زگاى ڕۆشنبیرى و راگه‌یاندنى پارتى دیموكراتى كوردستان 

 

 

بە بۆنەی سەركەوتنی لیستی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، وێڕای پیرۆزبایی گەرم، بە پێویستی دەزانین سوپاسی ئەرك و ماندووبونی كادیر و كارمەند و تەكنیككارانی سەرجەم كەناڵه‌كان و تیمه‌كانی تەلەفزیۆنه‌ ئاسمانی و لۆكاڵیه‌كان و رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕ و رادیۆ و تەواوی خۆبەخش و چالاكوانانی سۆشیال میدیا و نوسەر و میدیاكارانی دڵسۆزی پارتی بكەین و دەستخۆشیتان لێ بكەین.

دەزگاكانی راگەیاندنی پارتی لە بانگەشەی هەڵبژارندا زۆر سەركەوتوانە رۆڵ و ئەركی خۆیان بەجێگەیاند. پەیام و ئامانجەكانی پارتییان بە دەنگدەرانی كوردستان گەیاند و لە هەمان كاتیشدا نموونەیەكی گەشی بانگەشەی ئارام و سەنگینیان پێشكەش كرد. 

سەرباری ئەوەی زۆرترین هێرشی تۆمەتبارکردن لەسەر پارتی بوو، بەڵام راگەیاندنەكەی پەنای بۆ زمانی زبر نەبرد و تا ناچارییش نەكرا، وەڵامی تۆمەت و بوختانەكانی نەدایەوە. راگەیاندنكارانی پارتی بەو ئیمكانیاتەی له‌بەردەستیان بوو، بە وورە و باوەڕی پتەو بە پارتەكەیان و رێبازەكەیان، هاوشان لەگەڵ كادیرانی ئۆرگانەكانی دیكەی پارتیمان، توانییان گوڕ و تین و جۆش و خرۆش بە بانگەشە بدەن و، جەماوەر بەرەو بەشداری هەڵبژاردن و دەنگدان بە لیستی 184 هانبدەن. لەبەجێگەیاندنی ئەو ئەركەشدا وەك هەمیشە پابەند بوون بە بەرپرسیاریه‌تی بەرامبەر ئاشتیی كۆمەڵایەتی و پرنسیپی راستگۆیی و دوور كەوتنەوە لە یەكدی شكاندن و تۆمەت هۆنینەوە. 

لە هەمان كاتیشدا پەرۆشی ئەوە بوون كە نەبنە مایەی هەراسان  و جاڕسكردنی خەڵكی كوردستان. هەر بۆیەش بە هەڵسەنگاندنی چاودێرانی بێ لایەن، بانگەشە و راگەیاندنی پارتی لەم هەڵمەتەدا نموونەی بانگەشەی ئارام و سەنگین و بێ هات و هاوار بوو، بانگەشەیەك بوو رێزی لە عەقڵ و ئیدراك و هۆشیاریی دەنگدەر دەگرت نەك یاری بە هەست و سۆز و هەڵچوونی بكات.  هەر ئەو شێوازەش خۆی لە خۆیدا گوزارشت بوو لە باوەڕبەخۆبوونی پارتی و متمانەی بە هۆشیاریی گەل و دەنگدەرانی كوردستان.

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تەقدیر و پێزانینی هه‌یه‌ بۆ سەرجەم هەڤاڵ و هاوكارانمان لە دەزگاكانی راگەیاندن، په‌یج و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، رێكخەرانی كەمپینەكان، راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و لق و لیژنە ناوچە و رێكخراوەكان، راگەیاندنی مەكتەب و دەزگا و دەستەكان و رێكخراوە جەماوری و پیشەییەكانی پارتیمان، تیمە تەكنیكییەكان و هەموو ئەو هەڤاڵانەی لە سەرخستن و بەئاكامگەیشتنی هەڵمەتەكەدا زەحمەتیان  كێشا و بە گیانی پێشمەرگایەتی و پارتایەتی و كوردایەتی، ماندوونەناسانە لە ئەرك و فرماندا بوون.

راگەیاندنكار و خۆبەخشانی پارتی جارێكی دیكە سەلماندییان كە نموونەی له‌خۆبوردویی و داكۆكیكردنن لە پارت و رێبازەكەیان و لە هەمان كاتیشدا نمونەی راگەیاندنێكی بە ئەرزش و ئارام و راستگۆ و بەرپرسیار و متمانەدارن و، شایه‌نی سوپاس و پێزانینن.

 دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٠ی٥ی٢٠١٨
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.