Erbil 23°C پێنجشەممە 19 ئەیلوول 04:17

لە پۆلۆنیا کۆنفرانسێک له‌باره‌ى "ڕۆڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین" ئەنجام درا

نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم و نوێنه‌رى پارتى تێیدا به‌شداربوون
کوردستان TV
100%

لە ژێر ناونیشانی "ڕۆڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ئایار بەڕێوە چوو لە زانکۆی کۆلێگیوم سیڤیتاس لە وارشۆ، بە ھاوکاری و لە ژێر چاودێریی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا .

ئەوە سێیەم جارە ئەو کۆنفرانسە لە وارشۆ بەڕێوە دەچێت و ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر لێکۆڵەر و توێژەران لە کوردستان و پۆلۆنیا و وڵاتانی تر، وەکو ھۆڵەندا و بەریتانیا بەشداری تێدا دەکەن، جگە لەوە سیاسەتمەدارانیش تێیدا بەشداری دەکەن، ئەمساڵ لە کوردستانەوە شاندی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ھۆشیار سیوەیلی بەشدار بوو.

کۆنفرانسەکە بە وتاری  زیاد ڕەئووف، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا دەستی پێ کرد، تێیدا پاش سوپاس و بەخێرهاتنی بەشداران باسی ڕەوشی وڵاتی کرد و بەراوردی بارودۆخی کوردستان و عیراقی کرد لەگەڵ ڕەوشەکە لە ساڵی ڕابردوو لە کاتی بەستنی کۆنفرانسی دووەم و ئەو گۆڕانکارییانەی کە پاش ئەنجامدانی ڕاپرسی ڕویان دا لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە. ھەڵوێست و سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لەو قۆناغە ھەستیارە ڕوون کردەوە و جەختی کردە سەر ئەوەی کە ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نایەتە دەست بەبێ چارەسەرییەکی ڕیشەیی و عادیلانەی کێشەی گەلی کوردستان و پشتگوێخستنی مافەکانی کورد و کەمکردنەوەی ڕۆڵی کورد ئەنجامی نێگەتیڤی دەبێت بۆ ھەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەقامگیریی ئەوروپا و جیھان.

دواتر پڕۆفێسۆری زانکۆی ئەمستردام، بەڕێز میشێل لیزینبێرگ، توێژینەوەیەکی پێشکەش کرد بە ناوی "دەوڵەت و کۆمەڵگە لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ١٩٩١-٢٠١٨".

پاشان لە چوار پانێلی جیادا دوانزە توێژینەوە کە بابەتەکانیان دەربارەی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی و سیاسەتی بەرگری و ئاسایش و دەربارەی کۆمەڵگە و ڕۆشنبیری و چەندین تەوەری دیکە بوون، خرانە بەرباس و تاوتوێ کران و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان لەسەر کرا.
 
پاش کۆتاییھاتنی کۆنفرانسەکە بەشداران بانگھێشت کران بۆ کردنەوەی پێشانگایەك لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وارشۆ بە ناونیشانی "کوردستان ساڵانی ٤٠ی سەدەی بیست بە کامیرای ڤیتۆلد ڕایکۆڤسکی- ڕۆژهەڵاتناس و دیپلۆماتکار و کارمەندی دەزگای ھەواڵگریی پۆلۆنیا"، کە لە لایەن لێکۆڵەر د. ئەنتۆنی کۆسۆفسکییەوە ئامادە کرابوو و زۆر وێنە و دیکۆمێنتی ئەرشیڤی نھێنیی ئەوکاتەی تیا پێشان درا و زۆر سەرنج و بایەخی ئامادەبووانی ڕاکێشا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.