پارێزگاری سلێمانی نامەیەك بۆ كونسوڵی وڵاتان و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و لایەنە سیاسییەكان و كۆمسیۆن دەنێرێت و ئاشكرای دەكات كە مەترسی گەورەی بەریەككەوتن هەیە لە سنووری سلێمانی.
ئەمڕۆ پێنجشەممه 17ـ5-2018، لە نامەیەكدا هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگای سلێمانی رایدهگهینێت، ئێمە لە پارێزگای سلێمانی بێلایەنانە و یاساییانە چاوەڕوانی بەڵێن و لێدوانە فەرمییەكانتان بووین لەسەر هەموو گومان و كەمتەرخەمیی و ساختەكارییانەی لە ئەنجامی دەنگی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەكانی ڕۆژی 12/5/2018 كرابوون، بەڵام بە نیگەرانییەكی زۆرەوە سووربوونی خۆتان لەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان و گوێنەدان بە نووسراوە فەرمی و تانە و سكاڵاكان دووپات كردەوە، لە بری ڕەواندنەوەی گومانەكان، پانتایی گومانەكانتان زیاتر كرد.
هەڤاڵ ئەبوبەكر لە نامەكەیدا دەڵێت، بە ڕوونیی و ڕاشكاویی پێتان ڕادەگەیەنین، كە ئەگەر ئەركی یاسایی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئەستۆی ئێوەدا بێت، ئەوا ئەركی پاراستنی هاووڵاتییان و ئاسایش و ئارامیی لە ئەستۆی ئێمەدایە، لەم ڕوانگەیەوە كەمتەرخەمیی و خەمساردیی و بێباكیی هەندێك لە كەسانی ناو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و ئۆفیسەكانی كۆمسیۆن لەهەندێك شوێن، دۆخێكی مەترسیداریی نەخوازراویان هێناوەتەكایەوە.
لەبەشێكی نامەكە هاتووە، داوای لێكۆڵینەوەی خێرا و ڕوون و یاساییانە لە ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و لە ئەنجامەكانی دەنگدان دەكەین و داوا دەكەین سكاڵای لایەنەكان بەهەند وەربگیرێن، بە پێچەوانەوە مانایەك بۆ دەنگی ڕەوای خەڵك و بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن و بۆ سیستمی دیموكراسیی و بۆ سەروەریی یاسا نامێنێتەوە و ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی تەنگژەی و دژوار و ئاڵۆزتر دەبێتەوە.
وتیشى "پێویستە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەخێرایی كۆتایی بە گەمەی دەنگەكان بهێنێت، یان بەدەست هەژماریان بكاتەوە، یان كۆپی وێنەی دەنگی دەنگدەران بداتە قەوارە بەشداربووەكان، بۆیە هەر لێكەوتەیەكی خراپ و نەخوازراو لەم پرۆسەیە بكەوێتەوە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەرپرسیارە.
لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكانی 12ـی ئایار شەپۆڵێكی گەورەی ناڕەزایەتی سنووری سلێمانی گرتەوە كە گومان لە ئەنجامەكان دەكرێت كە دەستكاری كرابن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.