له میانهی دیدارێكی لهگهڵ سهرۆك بارزانی، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی كرد.
ڕۆژی چوارشەممە 16ـی 5ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە بڕێت مەكگورگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش كرد و لەگەڵی كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەیەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی گرنگ و مێژوویی سەرۆك بارزانی لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە، ڕاشیگەیاند كە سیاسەتی وڵاتەكەی ئەوەیە كە پێویستە هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەكانی عێراقدا بە هێز و كاریگەر بێت و داوایشی كرد كە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بەردەوام بمێنێ و فراوانتر بكرێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە سەقامگیریی سیاسیی تاوتوێ كرا و ڕۆشناییش خرایە سەر ئەگەرەكانی پێكهێنانی حكوومەتی ئاییندەی عێراق و جەختیش لەوە كرایەوە كە بە بێ بەشداریی كارا و حەقیقیی هەرێمی كوردستان، هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت و دروستبوونی سەقامگیری سەرناگرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.