Erbil 34°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 16:28

یه‌که‌م خولی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ تشرینی یه‌که‌می 2005 به‌ڕێوه‌چوو

6655 کاندید و 307 پارتی سیاسی و 19 ھاوپەیمانیەتی کێبڕکێیان دەکرد بۆ بەدەستھێنانی 275 کورسی
یه‌كه‌م خولی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2005 به‌ڕێوه‌چوو
کوردستان TV
100%

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2005 دا گەلانی عێراق دەنگیان بە دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا، دوای ئەوەش عێراقییەکان خۆیان بۆ یەکەمین ھەڵبژاردنی دیموکراسیانەی دوای رووخانی رژێمی بەعس لە مانگی کانوونی دووەمی 2005 دا ئامادە کرد . 

لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2005 دا ، 6655 کاندید و 307 پارتی سیاسی و 19 ھاوپەیمانیەتی کێبڕکێیان دەکرد بۆ بەدەستھێنانی 275 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران .

بۆ ئەو مەبەستەش رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ گیرابووە بەر و نزیکەی 150 ھەزار سەرباز و پۆلیسی عێراقی پاسی شەقام و بنکەکانی دەنگدانیان دەکردو تەواوی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ دەروەدا داخرابوو .

بۆیەکەمجار لە سیستەمی ھەڵبژاردنی 2005 دا بە پێی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان ژمارەی  کورسیەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری کرا، بەو پێیەش پارێزگای بەغدا 59 کورسی، نەینەوا 19 کورسی، بەسرە 16، سلێمانی 15، ھەولێر 13، زیقار 12، بابل 11، دیالە 10، 9 کورسی بۆ ئەنبار و کەرکوک، 8 کورسی بۆ سەلاحەدین و نەجەف و قادسیە و 7 کورسی بۆ میسان و دھۆک و 6 کورسی بۆ ھەریەک لە کەربەلا و موسەننا، ھەروەھا 45 کورسی دیکەش بۆ کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان و ئافرەتان دیاری کرابوو، بەتایبەت بۆ ئافرەتان کە سیستەمی کۆتا ، مافی 25 لە سەدای کورسیەکانی پێدابوون . 

ھاوپەیمانیەتی کوردستان بە ژمارە 730 کە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێکھاتبوو توانیان 53 کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش 5 کورسی بەدەست بھێنن کە بە گشتی گەلی کورد بە ئێزیدیەکانەوە بووە خاوەنی 59 کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ، ھاوپەیمانیەتی عێراقی یەکگرتوو کە لە لایەنە شیعیەکان پێکدەھات توانیان 128 کورسی و سونەکانیش 44 کورسی بەدەستبھێنن، راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ئەو ھەڵبژاردنە تا 20 کانوونی دووەمی 2006ی خایاند، چونکە ، سوننە و لایەنە سیکۆلارەکان ئەنجامی ئەو ھەڵبژاردنەیان رەتکردەوە پێیانوابوو لایەنی ئایینی و مەزھەبی رۆڵی بەرچاوی تێیدا ھەبووە. 

بە ھەرحاڵ دواجار ئیبراھیم جەعفەری لە ھاوپەیمانی عێراقی یەکگرتوو وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاری کرا و جەلال تالەبانی لە ھاوپەیمانی کوردستان بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق و مەحموود المەشھەدانی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری کرا، بەڵام تەمەنی حکومەتی ئیبراھیم جەعفەری کورت بوو، ئەویش بەھۆی نارەزایەتی لایەنە کوردستانی و سوننەکان لە ئەدای سیاسی ناوبرا، بەتایبەت کە ھەر لە یەک ساڵەی سەرۆک وەزیرانی ئەودا بەرەبەرە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەدیار کەوتن و ناراستگۆیی حکومەتی عێراق بەدیار کەوت بەتایبەت لە پرسی مادەی 140ی دەستووری عێراق، بۆیە لە 20ـی ئایاری 2006 جەعفەری ناچارکرا دەستلەکار بکێشێتەوە و لە جیاتی ئەو نووری مالکی بوو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق .
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.