Erbil 13°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 13:09

حه‌سه‌ن رۆحانی به‌ ماکرۆنی: رێککه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌که‌ دانووستانی دیکه‌ هه‌ڵناگرێت

حه‌سه‌ن رۆحانی و ئیمانوێل ماكرۆن
حه‌سه‌ن رۆحانی به‌ ماكرۆنی: رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ دانووستانی دیكه‌ هه‌ڵناگرێت
کوردستان TV
100%

چه‌ند كاتژمێرێك دوای به‌یاننامه‌كه‌ی سێ وڵاتی ئه‌وڕوپی سه‌باره‌ت به‌ گرنگی پابه‌رجایی رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی وڵاتانی زلهێز له‌گه‌ڵ ئێران و پێویستی بۆ چاكسازیی كردن تیایدا، حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌ گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی هیچ دانووستانی دیكه‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌ ناكات و هیچ سنووردار كردنێكی دیكه‌ له‌سه‌رووی پابه‌ندییه‌كانی خۆی قبوڵ ناكات.

سه‌رۆك كۆماری ئێران ئێواره‌ی رۆژی رابردوو له‌ گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ماكرۆن وتی: رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ به‌ هیچ بیانوویه‌ك جێگه‌ی گۆڕانكاریی و ده‌ستكاری كردن نییه‌ و دانووستانی دیكه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجام ناده‌ین.

رۆحانی ئه‌وه‌شی وت: ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت رۆژی 12ـی مانگی داهاتوو ئه‌مریكا رایبگه‌یه‌نێت كه‌ له‌ناو رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و درێژه‌ به‌ بارودۆخی دوو ساڵی رابردوو ده‌دات، ئێمه‌ قبوڵی ناكه‌ین.

سه‌رۆك كۆماری ئێران پێشتریش وتبووی كه‌ ئێران رازیی نییه‌ ته‌نانه‌ت یه‌ك وشه‌ به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ زیاد یان كه‌م بكرێت و ئه‌وان قبوڵیش ناكه‌ن پرۆگرامی موشه‌كیی ئێران هیچ سنوورێكی بۆ دابنرێت.

هاوكاتیش مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌كاتی سه‌ردانیدا بۆ ئیسڕائیل وتی كه‌ ئه‌گه‌ر بڕگه‌كانی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ گۆڕانكاریی تێدا نه‌كرێت، ئه‌وا وڵاته‌كه‌ی له‌م رێككه‌وتنه‌ ده‌رده‌چێت.


سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.