Erbil 21°C سێشەممە 24 ئەیلوول 07:22

هێزی سەربازیی وڵاتانی کەنداو لە شوێنی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا جێگیر ده‌کرێن

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ داوا لە سعودیەو قەتەرو ئیمارات كراوە
کوردستان TV
100%

بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكی ئاشكرایان كردووە، كە كۆشكی سپی بەنیازە هێزی سەربازیی وڵاتانی كەنداو لە شوێنی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا جێگیر بكات. پلانەكە لەدوای تێكشكاندنی یەكجاریی داعش جێبەجێ دەكرێ، بەڵام كێشەی تەكنیكی و سیاسیی گەورەشی تێدایە. 

وەكو لە راپۆرتێكی رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی ئەمریكیدا دەردەكەوێ، جۆن بۆڵتن، راوێژكاری نوێی ئاسایشی نیشتمانیی كۆشكی سپی، ئەركی جێبەجێكردنی لایەنی دیپلۆماتیكی پلانەكەی پێ سپێردراوە و بەمدواییەش لەگەڵ عەباس كەمال، بەرپرسی هەواڵگریی میسر، قسەی كردووە بۆ ئەوەی بزانێ قاهیرە ئامادەیە بەشداری لە پلانەكەدا بكات یان نا. عەباس كەمال یەكێك لە بەهێزترین و دەستڕۆیشتووترین بەرپرسانی حكومەتی قاهیرەیە.

بەرپرسانی كۆشكی سپی بە رۆژنامە ئەمریكییەكەیان راگەیاندووە كە لە چوارچێوەی پلانەكەدا داوا لە سعودیە، قەتەر و ئیمارات كراوە چەندین ملیار دۆلار پارە بۆ ئاوەدانكردنەوەی باكووری سووریا بخەنەگەڕ و هێزی سەربازیش رەوانەی ناوچەكە بكەن. بەرپرسێكی ئیدارەی ئەمریكی لەمبارەیەوە بە (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی گوت: "پەیوەندی بە سعودیە، قەتەر و ئیماراتی عەرەبییەوە كراوە بۆ ئەوەی پشتگیری دارایی و هاوكاریی بەرفراوانتر پێشكەش (بە پلانەكەی كۆشكی سپی) بكەن".

پێشتر رۆژنامەی (واشنتن پۆست) ئاشكرای كردبوو كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا داوای لە شای سعودیە كردبوو چوار ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی باكووری سووریا و ناوچە رزگاركراوەكان لەدەستی داعش تەرخان بكات.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.