Erbil 31°C سێشەممە 20 تشرینی یەکەم 15:01

ئێران پێداگری لەسەر هەڵوێستە ئەتۆمییەکانی دەکاتەوە و دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا ڕەتدەکاتەوە

100%

لە کاتێکدا دۆسیەی ئەتۆمی وەک یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گرژیی نێوان تاران و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوامە، ئیسماعیل باقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هێشتا نەچووەتە ناو هیچ جۆرە دانوستانێکی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکادا و ئەو پرسە لە کارنامەیاندا نییە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە نێوەندگیری و ڕۆڵی ڕووسیا لە گفتوگۆ ئەگەرییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بڵاوبوونەتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا هیچ دانوستانێک لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی دەستی پێنەکردووە تاوەکو وردەکارییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ یان دەوڵەتانی دیکە تاوتوێ بکرێت.

ئیسماعیل بەقایی هاوکات ئاشکرای کرد کە تاران لە هەڵوێستەکانی لە دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بە هیچ جۆرێک پاشەکشە ناکات، هەرچەندە ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیادا باسی لێوەکراوە.

ئەم پێداگرییە نوێیەی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران دەری دەخات کە دەسەڵاتدارانی تاران بەردەوامن لەسەر جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی پێشوویان، بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆ و دەروازەیەکی ڕوون بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بخەنەڕوو.

 ئەم دۆخەش لە کاتێکدایە کە کێشەی بنەڕەتی تەنیا ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران نییە، بەڵکو ڕای گشتی چاوەڕوانی وەڵامی دەسەڵاتە لە بەرامبەر ئەو لێکەوتە و قەیرانە دارایی و ئابوورییە قورسانەی کە بەردەوامیی ئەم تەنگژە نێودەوڵەتییە خستوویەتییە سەر داهاتوو و بژێویی ژیانی خەڵکی ئێران.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.