Erbil 21°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 07:34

له‌ عه‌فرین پەرستگاى کوردە ئێزدییەکان وێران ده‌کرێن و به‌ زۆر ده‌کرێنه‌ موسلمان

هەڕەشەی كوشتن له‌ خەڵكی گوندەكان دەكەن
کوردستان TV
100%

گرووپە ئیسلامییەكانی نزیك لە توركیا دەستیان بەسەر گوندە ئێزدییەكانی ناوچەی عەفریندا گرتووە، بە هەڕەشەی كوشتن خەڵكی گوندەكان ناچار دەكەن ببنە موسوڵمان، پەرستگا و شوێنی نزای كوردە ئێزدییەكانیشیان وێران كردووە.

شێخ قەمبەر، كوردێكی ئێزدی تەمەن 63 ساڵ، بۆ رۆژنامەی (ئیندیپێندنت)ی بەریتانی قسەی كردووە و باسی بارودۆخی ئەو كوردە ئێزدییانە دەكات كە رازی نەبوون ماڵ و حاڵی خۆیان لە دەوروبەری عەفرین چۆڵ بكەن. 

قەمبەر جووتیارێكی خەڵكی گوندی قەستەڵ جندۆیە لە ناوچەی عەفرین، بە گوتەی قەمبەر هەندێك لە كوردە ئێزدییەكان بەزۆر پەلكێشی مزگەوت كراون بۆ ئەوەی ئایینی خۆیان بگۆڕن، هەندێكیشیان لە رێگەی خۆراك و پێداویستیی تەندروستی بەرەو مزگەوتەكان راكێشراون، یەكێك لەو كەسانە ناسیاوێكی تەمەن 70 ساڵی قەمبەرە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، چەكدارە ئیسلامییەكان دەستیان بە گۆڕینی ناوی گوندە ئێزدییەكان بۆ ناوی ئیسلامی كردووە. شێخ قەمبەر باسی دەستگیركردنی خۆی لە عەزاز دەكات، كاتێك خۆی و خێزانەكەی دەیانویست لە عەفرین رابكەن. چەكدارەكە لە قەمبەری پرسیبوو خەڵكی كوێیە، قەمبەر لە وەڵامدا ناوی قەستەڵ جندۆی هێنابوو. چەكدارەكەش گوتبووی "ئەو شوێنە چیدی قەستەڵ جندۆ نییە. ئێستا ناوی ئەلقودسە، بەناوی پایتەختی فەلەستینمان كردووە. ئەم ناوچانە لەلایەن بێباوەڕەكانەوە داگیركرابوون، ئێستا دەگەڕێتەوە دەست خاوەنە ئەسڵییەكانی و ناوە ئەسڵییەكەشی بۆ دەگەڕێتەوە. ئێمە بۆ وەرگرتنەوەی خاكی خۆمان و بڕینی سەری ئێوە هاتووین".

شێخ قەمبەر لە وەڵامی هەڕەشەی كوشتنیدا گوتبووی هەرچی بەسەری بێ بەویستی خودایە. چەكدارەكەش گوتبووی: "دەمت دابخە، ئێوە بێباوەڕن، تۆ چووزانی خودا چییە". قەمبەر هۆكاری ئازادكردنی خۆی بۆ تەمەن و نەخۆشیی خۆی دەگەڕێنێتەوە. 

قەستەڵ جندۆ بە گوندی كوردە ئێزدییەكان ناسراوە و بەگوێرەی راپۆرتەكە هەندێك لە خەڵكی گوندەكە دوای هێرش بۆ سەر ناوچەكە رایانكردووە و هەندێكیان لە ترسی لەدەستچوونی ماڵ و حاڵی خۆیان نەیانوێراوە شوێنەكە چۆڵ بكەن. قەمبەر دەڵێ ئەوانەی لە گوندەكان ماونەتەوە "دەبردرێنە مزگەوتەكان و لەوێ فێری نوێژی ئیسلامی دەكرێن. پەرستگاكانیشمان تەقێنراونەتەوە".

ئۆفیسی هاوئاهەنگیی مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا دەڵێت 137 هەزار كەس بەهۆی هێرشی توركیا و سوپای ئازادی سووریاوە لە عەفرین ئاوارە بوون، 150 هەزار كەسیش لە ناوچەكە ماونەتەوە، لەو ژمارەیەش 50 هەزار كەسیان لە سەنتەری شاری عەفرینن و 100 هەزار كەسیشیان لە ناوچە گوندییەكانن. 

راپۆرتەكەی (ئیندیپێندنت)یش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە خەڵكانێكی زۆر لەوانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ عەفرین، لەلایەن سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیاوە رێگرییان لێدەكرێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.