بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ - رواندز کرایەوە، کە لەلایەن دوو رێکخراوی نێودەوڵەتییەوە بودجەی بۆ تەرخانکراوە.
لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکەدا، نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەکە ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی شاری رواندز دابیندەکات و نزیکەی 26 هەزار کەس سوودمەند دەبن.
ئەو پڕۆژەیە لەلایەن هەردوو رێکخراوی (یو ئێن دی پی- UNDP و جێرمان کۆرپێرەیشن German Cooperation) بودجەی بۆ تەرخانکراوە، کۆی گشتی گوژمەی پڕۆژەکەش دوو ملیۆن و 930 هەزار دۆلارە.
نەورۆز مەولوود راشگەیاند "ئەو پڕۆژەیە جێگرەوەی پڕۆژە کۆنەکەیە کە لە ساڵی 1987 دروستکرابوو، کە ئەوکات گونجاوبوو بۆ دانیشتووانی رواندز، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی شارەکە و هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەو بەسەرچوونی تەمەنی، پڕۆژە کۆنەکە نەیدەتوانی ئاوی پێویست دابین بکات".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزا وتىشى، ئامانج لە ئەنجامدانی پڕۆژەکە بەرزکردنەوەی توانای دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ 600 مەتر سێجا بە "کوالێتی بەرز و گونجاو" لەگەڵ ستاندەردی جیهانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.