Erbil 10°C ھەینی 15 تشرینی دووەم 08:35

هەفتەی داهاتوو سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ حکومەت کۆدەبێتەوە

رایەک هەیە یاسای خانەنشینی عیراق لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت
کوردستان TV
#7
100%

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێشنیازێک هەیە بۆ ئەوەی بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە هەرێمی کوردستان کار بکرێت بۆ ئەوەش پێویستمان بە رای حکومەتە راوێژێک بکەین. گوتیشی، بڕیارمانداوە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ حکومەت کۆبوونەوەی راوێژکاری بکەین.

ئەمرۆ سێشەممە 10-4-2018 بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: هەفتەی داهاتوو سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە لە پێناو زانینی بۆچوونی حكومەت سەبارەت بە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق.

دوای کۆبوونەوەی نێوان دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەردوو لیژنەی دارایی و یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ دانیشتنێکی راوێژکاریمان کرد، سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەردوو لیژنەی دارایی و یاسایی، گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسایەکە پێویستی بە بەرچاوڕوونی زیاتر هەیە، چونکە ئەوکاتەی ئێمە پڕۆژەیاساکەمان لە پەرلەمانی کوردستان پەسه‌ندکرد، دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بەجۆرێک بوو، ئێستا دۆخی دارایی و ژیانی فەرمانبەران بە خۆشحاڵییەوە ئاڵوگۆڕێکی باشی بەسەرداهاتووە".

بێگەرد تاڵەبانی، راشیگەیاند: "رایەک هەیە بۆ ئەوەی یاسای خانەنشینی عیراق لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەش پێویستمان بە رای حکومەتە راوێژێک بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش وا بڕیارمانداوە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ حکومەت کۆبوونەوەی راوێژکاری بکەین".

سەبارەت بە خاڵی ناکۆک لەسەر ئەو یاسایە، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان وتی: "ناکۆکی نییە، بەڵکو جیاوازی هەیە، پێشنیازی باش هەیە کە خزمەتی خەڵکی کوردستان و فەرمانبەران دەکات، هاوکات خزمەتی باشترکردنی پڕۆژەیاساکە دەکات، بۆیە دەبێت راوێژ لەگەڵ حکومەت بکەین، چونکە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عیراق بەشێکی هەرەزۆری ماددە و بڕگەکانی رەهەندی دارایی هەیە، بۆیە دەبێت لەگەڵ حکومەت کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری ئەنجام بدەین".

رۆژی 30-12-2017 ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە پەسەندكرد و رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی كرد.

هەرچەندە پەرلەمان دوای چەند دانیشتنێك یاساكەی پەسەندكرد، بەڵام كاردانەوەكان لەدژی بەتایبەت لەو بەشەی کە تایبەت بوو بە خانەنشینی پەرلەمانتاران زۆر تووند بوون و دواتر لەسەر داوای هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکایەتیی پەرلەمان پڕۆژەیاساکەی گەڕاندەوە بۆ پێداچوونەوەی زیاتر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.