Erbil 20°C شەممە 16 تشرینی دووەم 11:42

پزیشکانی شاری هه‌ولێر چاره‌سه‌ری هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای سلێمانی ده‌که‌ن

له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا نزیكه‌ی 50 نه‌خۆش سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌
کوردستان TV
#7
100%

له‌ هه‌فته‌ی رابردوو تا ئێستا نزیكه‌ی ٥٠ نه‌خۆشی سنووری پارێزگای سلێمانی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژهه‌ڵاتیان له‌شاری هه‌ولێر كردووه‌ و چاره‌سه‌ری پێویستیان وه‌رگرتووه‌.

سه‌ید زه‌مان حه‌سه‌ن،  یاریده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژهه‌ڵات، رایگه‌یاند: له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه‌ به‌رده‌وامین و به‌ ته‌واوی ستافی نه‌خۆشخانه‌كه‌مان ٢٤ كاتژمێر كارده‌كه‌ین، به‌ تایبه‌ت له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوو كه‌ بایكۆت له‌ به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد و ئێمه‌یش وه‌كو نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژهه‌ڵات به‌ به‌رده‌وامی له‌ خزمه‌تی ئه‌و هاونیشتمانییانه‌دابووین كه‌ پێویستییان به‌ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر هه‌بوو له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌مان.

هه‌روه‌ها گوتیشی: ئه‌و بایكۆتكردنه‌ی له‌ پارێزگای سلێمانی هه‌یه‌ كاریگه‌ری ته‌واوی كردووه‌ته‌ سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ جۆرێك له‌ میانی هه‌فته‌ی رابردوودا، ٤٩ حاڵه‌تمان له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و راپه‌ڕین بۆ هاتووه‌ و لێره‌ چاره‌سه‌ری پێویستییان وه‌رگرتووه‌ كه‌ هه‌ندێكیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌رچوون و هه‌ندێكیان خه‌وێنراون و ماونه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی رۆژانه‌ ٦٠٠ تا ٧٠٠ هاووڵاتیی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژهه‌ڵات ده‌كه‌ن و بایكۆتكردنه‌ش وایكردووه‌ كه‌ لۆدێكی زۆر له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كه‌ دروست بێت، جگه‌ له‌ پێداویستی پزیشكیش كه‌ رۆژانه‌ به‌كاردێت بۆ نه‌خۆشه‌كان.

هاوكات دكتۆر سامان به‌رزنجی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی هه‌ولێررایگه‌یاند: به‌ هۆی بایكۆتكردنه‌وه‌ له‌ سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌وه‌، به‌ سه‌دان نه‌خۆش روویان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر كردووه‌ و چاره‌سه‌ری پێویستیان وه‌رگرتووه‌ و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ستافی نه‌خۆشخانه‌كان به‌رده‌وام له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشی زیاتردابن.

ئاماده‌كردنی: رزگار 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.