راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاواتی سەرکەوتنی بۆ جەنەرال پایێت لە پۆستە نوێیەکەیدا خواست و دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەک لە بەرەی جەنگی دژ بە تیرۆریستاندا دەمێنێتەوە.
ئەمرۆ 28/3/2018 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەرال وۆلتر پایێت فەرماندەی گشتیی نوێی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا دوا پەرەسەندەکانی ناوچەکە و بەردەوامیی هەماهەنگی هەردوولا لە جەنگی دژ بە تیرۆر و پێشخستنی پەیوەندیە دوولایەنەکان گفتوگۆیان لەسەر کرا.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاواتی سەرکەوتنی بۆ جەنەرال پایێت لە پۆستە نوێیەکەیدا خواست و دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەک لە بەرەی جەنگی دژ بە تیرۆریستاندا دەمێنێتەوە.
مەسرور بارزانی نیگەرانیی خۆی لە سەرهەڵدانەوەی چالاکیی تیرۆریستان لە هەندێ ناوچەی عێراق و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەربڕی و بە پێویستی زانی کە هەرچی زووتر بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەرێم و لایەنە نیودەوڵەتی و عێراقیەکان رەوشی ئەم ناوچانە ئاسایی بکرێنەوە و هەموو ئەو هۆکارە سیاسی و ئابووری و ئیداریانە لابدرێن کە رێخۆشکەرن بۆ سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی و گەشەکردنەوەی گروپە تیرۆریستیەکان.
لە بەرامبەردا فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان پابەندبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێگەیەکی کاریگەری هەیە و وەک فاکتەرێکی سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگەی پێزانینی هاوپەیمانانە.
جەنەرال پایێت ئاواتی خواست کە بە هەماهەنگی هەموو لایەک رێگە لە سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی بگیرێت و بردنەوەی جەنگی دژ بە تیرۆریستان بە بردنەوەی ئاشتی و سەقامگیری کۆتایی پێ بهێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.