Erbil 15°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 09:34

مه‌حموود عوسمان: پێویسته‌ په‌که‌که‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی هه‌رێمی کوردستان چۆڵ بکات

خه‌ڵكی شنگال چه‌ندین جار داوای كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌یان كردووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌یان
کوردستان TV
#7
100%

له‌ لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان "د. مه‌حموود عوسمان" سیاسه‌تمه‌داری كورد ده‌ڵێت: له‌ هه‌ر  شوێنێك ئاوه‌دانی هه‌بێ و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان لێی نزیك بن ده‌بێ په‌كه‌كه‌ بنكه‌ و باره‌گاكانی دوور بخاته‌وه‌، جا هه‌ر ناوچه‌یه‌ك بێت، ئه‌وه‌ی له‌ شنگال په‌كه‌كه‌ ده‌یكات باشتره‌ بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌یش چۆڵی بكات، هه‌موو لایه‌كیش هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات توركیا ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كاته‌ ئامانج به‌ بیانووی لێدانی په‌كه‌كه‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ریشدا په‌كه‌كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی سڤیلی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاو بگرێت و ناوچه‌كان چۆڵ بكات.

له‌ باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ی كورد ده‌ڵێت: بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ به‌ ئه‌رێنی ده‌نرخێنم، چونكه‌ پێم وایه‌ پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ خۆی بكشێنێته‌وه‌ له‌ شنگال و ته‌نانه‌ت پێویست بوو پێشتر په‌كه‌كه‌ هێزه‌كانی له‌ قه‌زای شنگال له‌سه‌ر داوای خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ بكشێنێته‌وه‌، چونكه‌ توركیا مكوڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال ده‌كاته‌ ئامانج، توركیا داوای له‌ عێراق كردووه‌ كێشه‌ی هه‌بوونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌و سنووره‌ چاره‌ بكات، دیاره‌ به‌غداش داوای له‌ سه‌ركردایه‌تیی په‌كه‌كه‌ كردووه‌ ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكات، ‌تا خه‌ڵكی قه‌زای شنگال خۆیان چه‌ندین جار داوای كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌یان كردووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌یان.

دكتۆر مه‌حمود عوسمان هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: پێویسته‌ توركیاش ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرێت كه‌ خه‌ڵكی سڤیل و گوند و ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كاته‌ ئامانج، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی ده‌ڵێ، ته‌نیا ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كاته‌ ئامانجی سه‌ربازی كه‌ بنكه‌ و باره‌گای په‌كه‌كه‌ی لێیه‌.

شایه‌نی باسه‌ رۆژی  هه‌ینی 23/3/2018 سه‌ركردایه‌تیی سه‌ربازی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال ئاشكرای كرد، له‌گه‌ل حكوومه‌تی عێراق گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌ قه‌زای شنگال بكێشنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی توركیا هات بۆ لێدانی په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.