Erbil 4°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 01:01

ماکرۆن نیگه‌رانى فه‌ره‌نساى له‌سه‌ر عه‌فرین گه‌یانده‌ ئه‌ردۆغان

ماكرۆن و ئه‌ردۆغان په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامدا
کوردستان TV
100%

سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا، ئیمانوێڵ ماكرۆن، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، جه‌ختى له‌سه‌ر نیگه‌رانییه‌كانى فه‌ره‌نسا سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى عه‌فرین كرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، سه‌رۆكایه‌تى فه‌ره‌نسا، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، رایگه‌یاند، ماكرۆن له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا "زۆر به‌ روون و ئاشكرایى نیگه‌رانى خۆى سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستتێوه‌ردانى سه‌ربازى توركیا له‌ ناوچه‌ى عه‌فرین به‌ ئه‌ردۆغان گه‌یاندووه‌".

به‌ گوێره‌ى به‌یاننامه‌كه‌، فه‌ره‌نسا جه‌خت له‌سه‌ر "پێویستى گه‌یاندنى كۆمه‌كه‌ مرۆییه‌كان بۆ مه‌ده‌نییه‌كان ده‌كاته‌وه‌، به‌ بێ بوونى هیچ به‌ربه‌ستێك و هه‌روه‌ها شه‌ڕى داعش له‌ سووریا بكرێته‌ پێشینه‌ى هه‌ره‌ گرنگى كاره‌كان، به‌و پێیه‌ى فه‌ره‌نسا داعش به‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى خۆى ده‌زانێت".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "پێویسته‌ له‌ هه‌موو شتێك پارێزى ئه‌وه‌ بكرێت، كه‌ فشاره‌كان له‌سه‌ر چه‌كدارانى داعش له‌ عێراق و سووریا كه‌منه‌بێته‌وه‌".

كۆشكى ئیلیزێ، روونیشیكرده‌وه‌، ماكرۆن هانى ئه‌ردۆغانى داوه‌، كار بكات بۆ به‌هێزكردنى ئاگربه‌ست له‌ سووریا و گوتویه‌تى: "ره‌وشه‌كه‌ پێى ناوه‌ته‌ قۆناغێكى مه‌ترسیدار به‌ هۆى لێكه‌وته‌كانى ده‌ستتێوه‌ردانى رووسیا و ئێران و توركیا له‌ سووریا و داواشیكردووه‌، هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ پابه‌ندى واده‌كانى ئاگربه‌ست ببن و هه‌وڵى هێنانه‌دى چاره‌سه‌رێكى سیاسى درێژمه‌ودا بده‌ن".

دوێنێ ئه‌ردۆغان و ماكرۆن به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌ك كرد و به‌ گوێره‌ى زانیارییه‌ میدیاییه‌كان، ئه‌ردۆغان زۆر بێزار بووه‌ له‌وه‌ى به‌ هۆى هێرشى سه‌ر عه‌فرینه‌وه‌ ره‌خنه‌ له‌ توركیا بگیرێت.

فه‌ره‌نسا یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین ئه‌و وڵاتانه‌ى به‌ توندى ره‌خنه‌ى له‌ هێرشه‌كانى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین گرتووه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.