پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرایدەكات ئەو كەلینە ئەمنیانەی لەسەر رێگەی كەركوك-بەغدا هەن، دەرفەتیان بۆ داعش رەخساندووە تا بە ئامانجی راگرتنی جموجۆڵ لەو رێگە ستراتیژییە چالاكی ئەنجام بدات و ئەندامێكی ئەنجومەنی دیالەش دەڵێت داعش گەڕاوەتەوە دوو ناوچە لەپارێزگای سەڵاحەدین.
رەعد ئەڵماس، ئەمڕۆ چوارشەممە بە السومریه نیوزی راگەیاندووە رێگەی سەرەكی كەركوك-بەغدا یەكێكە لە رێگە وشكانییە گرنگەكانی عێراق و دروازەیەكەی ئابوورییە كە هەرێمی كوردستان بە بەغداوە دەبەستێتەوە كە پارێزگاكانی دیالەو كەركوك و سەڵاحەدیندا تێدەپەڕێت.
ئەوەشی خستۆتەڕوو لەسەدا 30 كاڵاكانی عێراق لەم رێگەیەوە دەگوازرێنەوە، جەختیشی كردۆتەوە ئەو رووداوە ئەمنیانەی دوێنێ لەسەر رێگەكە روویانداوە بەدانانی بازگەی ساختە لەلایەن داعشەوە و كە بەم دوایانە ئەو رووداوانە دووبارە بوونەتەوە بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە چەند “كەلێنێكی كوشندە” لەڕووی ئەمنییەوە هەن بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەم رێگە ستراتیژییەو ئەو كەلێنانەش وایان كردووە چەكدارانی داعش بتوانن بازگە دابنێن و خەڵكی بێتاوان بكوژن.
هۆشداریشیداوە كە داعش بەو جۆرە دەیەوێت جموجۆڵی هاتوچۆ لەسەر ئەو رێگە ستراتیژییە رابگرێت.
داواشی كردووە لەڕێگەی پلانێكی ئەمنی بەرفراوانەوە كار بۆ چارەسەركردنی ئەو كەلێنە ئەمنیانە لەسەر رێگەكە بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.