بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید رایگەیاند بودجەی گشتی 2018ی عێراق ستەمی زۆری بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان تێدایەو پشكی هەرێمیش لەبودجەكەدا بەبێ پشت بەستن بەهیچ رێژەیەكی راست و واقیعی دیاریكراوە.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەمڕۆ(سێشەممە) بەئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە بودجەی گشتی عێراق ستەمێکی زۆری بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و سوننەکانیش تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا شیعەکان ویستیان بە زۆرینە تێیپەڕێنن و تێشیان پەڕاند.
وتوشیەتی پشکی کورد لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2018 ستەمی زۆری بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان تێدایە، بەڕادەیەک بە بێ پشتبەستن بە ھیچ رێژەیەکی راستی و واقیعی ئەو پشكە بۆ ھەرێمی کوردستان لە بودجە دیاریکراوە کە لەسەدا 12.67ە.
گوتیشی: كە بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی پلاندانان رێژەی پشکی شایستەی ھەرێمی کوردستان لەبودجەدا بریتییە لەسەدا 14، لەکاتێکدا ئەم ژمارەیە لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی بارزگانیی عێراقدا بریتییە لەسەدا 13.1، بۆیە ئەو رێژەیەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی داراییەوە دانراوە داتاکانییان ورد نیین و ھیچ ئاماژەیەکی روون نییە کە پشتی پێ بەسترابێت بۆ دیاریکردنی ئەو رێژەیە.
ئاماژەی بەوەشداوە کەموکوڕی دیکە ھەن لەناو بودجەكەدا كە دیسانەوە بەشی زۆریان لەسەر حسابی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەین لەو بارەیەشەوە ئاماژەی بە زیادكردنی بودجەی سیادی داوە كە بەپێی قسەی ئەو لەبودجەی ساڵی 2005دا بودجەی سیادی تەنیا لە 16 بڕگە بووە کەچی لە ساڵی 2018 گەیشتۆتە 86 بڕگەو لە ساڵی 2005دا بڕی 5 ترلیۆن دینار بۆ بودجەی سیادی تەرخانکراوە کەچی لەساڵی 2018 ئەو بڕە گەیشتوەتە 41 ترلیۆن دینارو وتوشیەتی”ئەوەش بودجەی گشتی کەمدەکاتەوەو بەوەش رێژەی کورد کەمدەکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.