Erbil 32°C شەممە 21 ئەیلوول 12:46

دیندار زێباری: راپۆرتى گرووپی قەیرانە نێودەڵەتییەکان جێگای گومانەو بێلایەن نییه

دیندار زێباری: : ئاماژەى بە قوربانیانی هێزی پێشمەرگە نەکردووە
کوردستان TV
100%

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان له حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئاشکرای دەکات، راپۆرتى گرووپی قەیرانە نێودەڵەتییەکان جێگای گومانه و بێلایەن نییه، چونکە بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە قوربانیانی هێزی پێشمەرگە نەکردووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.

رۆژی 20/2/2018 گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی بەناوی (سەرکەوتن لە جەنگی دوای داعش لە بەرژەوەندیی عێراق لە سنجار) بڵاو کردووەتەوە، لە وەڵامی ئەم راپۆرتەی گروپی قەیرانی نێودەوڵەتیدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەو قوربانیانە دا کە هێزی پێشمەرگە لە دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگال و ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئەنجامی دا، هەروەها تیشکی خستە ئەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی داویەتی بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی ڕفاندنی ئێزدییەکان".


ئەوەشی راگەیاندووە: "پێشمەرگە هێزی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە وەردەگرێت و هێزی حزبێک یان لایەنێک نییە، هەروەها ئەم هێزە لە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی کوردستانى".

دیندار زێباری لە بارەی راپۆرتی گروپی ناوبراو گوتی: "رۆژی 20/2/2018 گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی بەناوی (سەرکەوتن لە جەنگی داعش لە بەرژەوەندی عێراق لە سنجار) بڵاو کردووەتەوە، لەم راپۆرتەیدا بەبێ پشتبەستن بە بەڵگەی درووست چەندین تۆمەتی بێ بنەمای بۆ هێزەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان درووست کردووە وەک پشتگوێخستنی هاووڵاتیانی ئێزیدی ناوچەکە، بێ ئەوەی ئاماژە بە پێشوازی کردنی حکومەتی کوردستان لەو ئاوارانە بکات کە لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای نەینەوا و مەخمور و دیالا و زوممار و چەند ناوچەیەکی دیکە ناچار بوون شوێنەکانی خۆیان جێبهێڵن و روو لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان بکەن و بەشی هەرەزۆریان کوردانی ئێزیدی بوون".

 گوتیشی: یه‌كێك له‌ سه‌روه‌رییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ هه‌موو جیهان به‌ شانازییه‌وه‌ باسی لێده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان باوه‌شی كردۆته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی (2) ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر سه‌ره‌ڕای بارودۆخی ناله‌بار و قه‌یرانی ئابووری، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵیداوه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و به‌و توانا سنوورداره‌ی به‌رده‌ستی زۆرترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بكات  لە هەموو روویەکەوە.

زێباری ئاماژەی بۆ هێرشی تیرۆیستانى داعش بۆ سەر کوردستان کرد و  لەم بارەوە وتی: دوای هێرشه‌كانی داعش بۆ ده‌شتی موسڵ و داگیركردنی شه‌نگال له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئابی 2014 ته‌نیا ئێزیدییه‌كان نه‌بوونه‌ ئامانجی تیرۆریستان، به‌ڵكو كریستیان، کاکەیی، شه‌به‌ك و توركمانه‌كانی ناوچه‌كه‌ش رووبه‌رووی جینۆساید و نه‌هامه‌تی و كاره‌سات بوونه‌وه‌ و بۆ رزگاركردنی ژیانیان ناچاربوون شوێنه‌كانی خۆیان جێهێشت و روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌ڵام له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندیی ئێزیدییه‌كان هێرشه‌كان زیاتر بۆ له‌ ناوبردنی ئه‌وان بوو. راسته‌وخۆ دوای كاره‌ساته‌كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پێشوازی كرد له‌ ئاواره‌كان و یارمه‌تیدانیانی به‌ ئه‌ركی خۆی زانی له‌رووی دابینكردنی شوێنی حه‌واندنه‌وه‌ و درووستكردنی كه‌مپ له‌ هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی بۆیان و دابینكردنی خۆراك و ئاوی خواردنه‌وه‌ وخزمه‌تگوزاری وپێداویستییه‌كانی په‌روه‌رده‌ و خوێندن و ته‌ندروستی بۆیان به‌ هاوكاری وهه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ نا حكومییه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی ئەوەشی خستەڕوو کە به‌پێی پلانێكی ستراتیژی  به‌به‌شداری گشت داموده‌زگاكانی هاوكاری به‌ په‌له‌ی پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان كرد له‌ گشت بواره‌كان، چونكه‌ ئێزیدییه‌كان دووچاری هێرشی له‌ ناكاوی داعش بوونه‌وه‌ و ته‌نیا ژیانی خۆیان رزگار كرد ته‌نانه‌ت به‌شێكیان له‌ژێر ده‌ستی داعش له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كانیان مانه‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ دابینكردنی ئاسایش و شوێنی حه‌وانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هێرشی داعش، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ئاسایش رووبه‌رووی هێرشه‌كانی داعش بوونه‌وه‌ بۆ رزگاركردنی ئێزیدییه‌كان وتوانیان زیاتر له‌ (5,000) له‌و ئێزیدییانه‌ی له‌ چیای شنگاڵ گه‌مارۆ درابوون رزگار بكه‌ن و بیانگوازنه‌وه‌ پارێزگاكانی كوردستان.

 

لە بارەی قارەمانییەکانی پێشمەرگە لە ماوەی شەڕی داعشدا د. دیندار زێباری وتی: هێرشەکانی داعش بۆ سەر شنگال و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگاری نەینەوا لە ناکاو بوو و بووە هۆی ئاوارە بوونی خەڵکی ئەم ناوچانە و بۆ ماوەیەکی لاسەنگی هێز بەلای تیرۆریستاندا شکایەوە، بەڵام  سەرەڕای نەبوونی چەکی پێشکەوتوو لە دەست پێشمەرگە کە بە بەراورد بە چەکانەی داعش لە ئەنجامی شکستی سوپای عێراق دەستی کەوتبوو زۆر کۆن بوون، بەڵام هەر زوو هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیی هێرشی تیرۆریستان رابگرێت و شایەدی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پێشمەرگە بوو بە تاکە هێزی زەمینی کە بتوانێت دژی داعش وەستێتەوە و سەرەڕای راگرتنی هێرشەکانیان توانیی ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵی کردبوون ئازادیان بکاتەوە و سەرەتا لە مەخمورەوە دەستپێکرد تا گەیشتە رزگار کردنەوەی شنگال و دەوروبەری. لە ماوەی شەڕی داعش و هێرشە دڕندەکانیان بۆ سەر کوردستان بە هەزاران پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون و بەشێکیان بە دیلی کەوتنە دەست تیرۆریستان، بەپێی دوایین سەرژمێری ژمارەی  قوربانیانی پێشمەرگە لە نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان لە شەڕی تیرۆردا گەیشتە (١٨١٤) شەهید و (١٠٧٢٥) بریندار، هەروەها (٤٤) پێشمەرگەش بە دیل گیران.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ  رزگار کردنی ئێزیدییە رفێندراوەکانی دەست داعش وتی: تیرۆریستانی داعش بە دڕندەترین شێوازی دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی کەوتنە گیانی هاووڵاتیانی کوردستان بەتایبەتی لە پێڕەوانی ئایینی ئێزیدی رووبەڕووی گەورەترین تاوان بوونەوە لەسەر دەستی تیرۆریستان کە خۆی لە کۆمەڵکوژی هەزارانیان دەبینێتەوە ئەمە جگە لە رفاندن و بێ سەروشوێنکردنی هەزارانی دیکە کە تا ئێستاش چارەنووسی بەشێکی زۆریان دیار نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم رووەوەش هەوڵەکانی خستە گەڕ بۆ ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە ئێزیدیانە. بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ژمارەی ئافرەتە رفێنردراوەکان بەم شێوەیە بووە: بەر لە هاتنی داعش ژمارەی ئێزیدییەکان لە عێراق نزیکەی (550000) پێنج سەد و پەنجا هەزار کەس بووە، لە ئەنجامی داگیرکردنی ناوچەکانیان لەلایەن داعشەوە نزیکەی ( 360000) سێ سەد و شەست هەزاریان ئاوارە بوون و (1293)یان شەهید بوون، (6417) هاووڵاتی کوردی ئێزیدی رفێندراون لەوانە ( 3547)یان ئافرەت و (2870)یان پیاو بوون، لەلایەکی دیکەوە هەر لە ئەنجامی ئەم هێرشە دڕندەیەی تیرۆریستان (٦٧) گۆڕی بە کۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاک تاکی ئێزیدییەکان دۆزراونەتەوە و (٦٨) مەزارگە و شوێنی ئایینی خاپوور کراون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای هێرشەکانی داعش لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێنا بۆ دۆزینەوە و رزگار کردنی ئێزیدییە رفێندراوەکان و  و بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت تا رۆژی 10/2/ 2018 ژمارەی ئێزیدییە رزگارکراوەکان (3263) بووە لەوانە (1148) ئافرەت و (336) پیاو و (929) کچ و (850) کوڕ رزگار کراون، ئەوانەی تا ئێستا رزگار نەکراون ژمارەیان (3154) کەسە لەوانە (1471) ئافرەت و (1683) پیاو کە لە دەست داعش ماون.

دیندار زێباری ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بە جینۆساید ناساندنی کەیسی ئێزیدییە رفێندراوەکان وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام داوای لەلایەن نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی عێراقیش کردووە کە پێویستە لیژنەی لێکۆڵینەوە پێک بهێنرێت بۆ رووداوەکانی دوای هاتنی داعش  بەتایبەتی بە جینۆساید ناساندنی کەیسی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەتایبەتی برا ئێزیدییەکان، ئەمەش لە رووی نێودەوڵەتییەوە ئاستەنگی لە پێشە چونکە وڵاتی عێراق رازی نییە ببێتە ئەندام لە رێکەوتننامەی رۆما و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و رێگاش نادات پسپۆرانی ئەم دادگایە لێکۆڵینەوە لەو کەیسانە بکەن، سەرەڕای ئەمەش حكومەتی هەرێم لێژنەیەكی دامەزراندووە كە پێكهاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ  ئەوەی کار بکات لەسەر جینۆساید ناساندنی کەیسەکان. ئەركی سەرەكی ئەم لێژنەیە كۆكردنەوەی زۆرترین بەڵگە و دوكیۆمنتە لەسەر رووداوەکانی دوای هێرشەکانی داعش و تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر بەڵگە لەسەر ئەم تاوانە كۆكراونەتەوە، بەمەش حكومەتی هەرێم لە هەوڵەکانیدا بەردەوام دەبێت بۆ گرتنە بەری رێكارە یاساییەكان و پێشكەش كردنی بەڵگە پەیوەندیدارەكان بۆ دادگای باڵای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: ئەوەی تێبینی دەکرێت لەم راپۆرتەدا کە ئەو سەرچاوانەی گروپی قەیرانە نێودەڵەتییەکان جێگای گومانن و بێلایەن نین، چونکە بە هیچ شێوەیەکی ئاماژەی بە قوربانیانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان نەکردووە کە هەموو دنیا شایەدی قارەمانیەکانی پێشمەرگەن لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، هەروەها ئەو ئەرکە زۆرەی کە کەوتۆتە ئەستۆی حکومەت لە پێشوازی کردن لە ئاوارەکان و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزارییە پێویستەکان و پاراستنی ژیانیان، لە کاتێکدا زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە بە ئاشکرا ئامادە نەبوون پێشوازییان لێ بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.