لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەری پار، حكوومەتی عێراق چەند رێككەوتنێكی بۆ فرۆشتنی نەوتی شاری كەركووك لەگەڵ ئێران و كۆمپانیایەكی بەریتانیایی واژۆ كردووە، ئەمەش بەبێ هەماهەنگی و زانیاریی ئەنجوومەنی ئەو شارە و، پارەی پترۆدۆلاریشیان بۆ خەرج ناكات.
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، لەسەر فەرامۆشكردنیان لە ئەنجامدانی گرێبەستەكان سەبارەت بە نەوت لەگەڵ وڵاتان و كۆمپانیاكان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، سكاڵا لە دژی بەغدا تۆمار دەكەن.
لەو بارەیەوە، فوئاد حوسێن، كە ئەندامی لیژنەی نەوت و گازە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "حكوومەتی عێراق بەردەوام ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی فەرامۆش كردووە لە رووی دەستوورییەوە، بە داخەوە حكوومەتی عێراق چەندین گرێبەستی كردووە و هەماهەنگیی لەگەڵ ئەنجوومەنی شاری كەركووك نەكردووە، بۆیە بە پێویستی دەزانین سكاڵایەكی یاسایی دژ بە حكوومەتی عێراق و بە تایبەتیش وەزارەتی نەوت تۆمار بكەین و، داوای مافی كەركووكییەكان دەكەین، تا بزانین چەندە ئەو رێككەوتنانە لە بەرژەوەندیی كەركووكییەكاندان و هۆكار چییە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك فەرامۆش دەكرێت، چونكە ماددەی دەستووری هەیە بە ڕاشكاوی دەڵێ، ئەو حكوومەتە خۆجێییانەی نەوتیان هەیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی پێكەوە ستراتیژییەتی نەوت دادەڕێژن و، دەبێت ئەنجوومەن ئاگادار بێت لە ناوەڕۆكی ئەو گرێبەستانەی كە ئەنجام دەدرێن، جا لەگەڵ هەر وڵاتێك یاخود كۆمپانیایەك بێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕاشیگەیاند، "سكاڵاكە ئامادە كراوە لە لیژنەكەمان و لەم چەند رۆژەدا بەرزی دەكەینەوە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن و، سەرۆكی ئەنجوومەنیش بە نووسراو ئاڕاستەی حكوومەتی ناوەندی دەكات" .
لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەرەوە، حكوومەتی عێراق چەند گرێبەستێكی لەگەڵ وڵاتان و كۆمپانیاكان ئەنجام داون بێ ئاگاداری ئەنجوومەن، لەو بارەیەوە حوسێن گوتی، "حكوومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ حكوومەتی ئێران كردووە بە مەبەستی هەناردەكردنی 30 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا كە بچێت بۆ پاڵاوگەی كرماشان، ئەمەیش بێ ئاگاداریی ئەنجوومەن، هەروەها لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانیایی بە ناوی بریتش پترلیۆم و لەگەڵ توركیایش خەریكی گرێبەستێكی ترە، بە هەمان شێوە ئێمە لە ناوەڕۆكی ئەو رۆككەوتنەیش بێئاگاین" .
پێش 16ـی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی 10ملیۆن دۆلاری لە بەرانبەر هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بە ئیدارەی كەركووك دەدا، بەڵام حكوومەتی عێراق ماوەی زیاتر لە چوار مانگە دەستی بەسەر نەوتی ئەو شارەدا گرتووە و پارەی پترۆدۆلار نادات بەو شارە، فواد حوسێنیش دەڵێت، "حكوومەتی عێراق لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەر هیچ بڕەپارەیەكی بە شاری كەركووك نەداوە و لە پارەی پترۆدۆلار زیاتر لە 2 ملیار قەرزاری شاری كەركووكە، كە لە ساڵی 2014، 2015، 2016 و 2017ـدا نەیداوە".
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە 41 كورسی پێك دێت و، لیستی برایەتیی كەركووكیش لە كۆی 41 كورسی، 26 كورسی پێك دێنێت .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.