سێیه‌م ڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میوشندا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێكی یاوه‌ری كۆبووه‌وه.
له په‌راوێزی سێیه‌م و دوا ڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن له ئه‌ڵمانیا، ئێواری ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 18/2/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوه‌ری كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا خۆشحاڵیی خۆیان به دیداره‌كه ده‌ربڕی و په‌یوه‌ندیى دێرین و دۆستایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و په‌ره‌پێدانیان له هه‌موو بواره‌كاندا تاوتوێ كرد.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ تاران و ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه و دیداره‌كانی له‌وێ، ڕه‌وشی ئێستا و دیالۆگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خرانه به‌ر باس و گفتوگۆ و له‌مباره‌یه‌وه چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دووپات كرایه‌وه.
تاوتوێكردنی ڕه‌وشی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووی عێراق و ڕه‌وشی ناوچه‌كه به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو كه تیایدا به‌ڕێزان د. فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه و دلشاد بارزانى نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌ڵمانیا ئاماده‌ى بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.