Erbil 21°C سێشەممە 24 ئەیلوول 08:14

نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتیی قوتابیان و لاوان ده‌کات

نێچیرڤان بارزانی: لاوان سامانێکی گرنگی نەتەوەیین و له ناو قوتابیاندا چەندین سەرکردەو تێکۆشەری دیار هەلكەوتووه
کوردستان TV
100%

نێچرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان  به‌ بۆنه‌ی یادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان و یەکێتیی قوتابیانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەکردن کە ئەمە دەقەکەیەتی:


هەڤاڵان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی "یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان"ی تێکۆشەر..
سڵاوی خەبات و تێکۆشان.
بە بۆنەی شەست و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی "یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان" گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و یەکە یەکەی ئەندامانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان دەکەم و لە ڕێگەی ڕێکخراوەکەشتانەوە ئەم یادە شکۆدارە لە سەرجەم لاوانی ئازیزی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوادارم ئەم بۆنەیە هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ زیاتر خەباتی ڕێکخراوەییتان لە پێناو خواستەکانی لاوانی کوردستاندا.

یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان کە ئەو سەروەریەی پێبڕاوە پێشەنگی خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنی بێت لە مێژووی خەباتی مەدەنیانەی کوردستاندا، خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و هەمیشە مەڵبەندی  پێگەیاندنی چەندین کادری دڵسۆز و سەرکردە و تێکۆشەری دیار بووە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیماندا بینیوە، جگە لەو شەهیدە نەمرانەی کە لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا بەخشیویەتە گەل و نیشتیمانەکەمان.

لاوان سامانێکی گرنگی نەتەوەیین و ئاییندەی هەر گەلێک پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری و هەستی بەرپرسیارێتی و توانا و بەهرەی توێژی لاوانیەوە. خەباتی مەدەنیانە و ڕێکخراوانەی لاوان هەمیشە بەشێکی سەرەکی بووە لە خەبات و بزاڤی گەلانی جیهان و خەباتی شه‌ ست و پێنج  ساڵه‌ی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانیش بەشێکی گرنگ و سەرەکی بزاڤی ڕزگاریخوازیمانە و ئەم ڕۆڵەی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان بەرز دەنرخێنین. 

بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی و هەستی بەرپرسیارێتی لەنێو توێژی لاواندا ئەرکێکی گرنگی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتانە و قۆناغی ئێستای کوردستانیش ئەرک و کاری زیاترتان لێدەخوازێ، بە تایبەت لە ڕووی کارکردن بۆ پتەوکردنی هەستی ئینتیمای لاوان بۆ نیشتیمان و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و دروستکردنی کەسایەتیەکی دروست و بڕوابەخۆ لای لاوی کوردستانی وەک تاکێکی خاوەن ئیرادە و بیر و بەرهەم، وێڕای پەروەردەی دروستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە جیهانبینی قوتابخانە و کولتوورە مرۆڤدۆستانەکەی پارتی و بارزانی. 

لەگەڵ هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوام بۆ ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان..
بەرز و شکۆدار بێت یادی دامەزراندنی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان..

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٨/٢/٢٠١٨

هه‌ فاڵان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی تێکۆشەر..
سڵاوی خەبات و تێکۆشان.

بە بۆنەی شەست و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی "یەکێتی قوتابیانی کوردستان" گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان دەکەم و لە ڕێگەی ئێوەیشەوە ئەم یادە شکۆدارە لە تێکڕای قوتابیانی ئازیزی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوادارم ئەم بۆنەیە هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ زیاتر خەباتی ڕێکخراوەییتان لە پێناو خواست و ئامانجەکانی قوتابیاندا کە سامانێکی گرنگ و پڕ بەهای نەتەوەیی و نیشتیمانیمانن.

یەکێتی قوتابیانی کوردستان کە پێشەنگی خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەی کۆمەڵگای کوردستانە، خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و تێکۆشەری دیار بووە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیماندا بینیوە.
یەکەم هەنگاوی پێشکەوتن و گەشەی هەر کۆمەڵگایەک لە دەرگای قوتابخانە و مەڵبەندەکانی زانست و پەروەردەوە دەستپێدەکەن، بزاڤی پێشکەوتن بەرەو ئاییندەیەکی گەش بە بەشداریی کارایانەی هەموو توانا حکومی و ناحکومیەکان دەخرێتە ڕێ، بۆیە خەباتی شارستانیانە و سەردەمیانەتان بۆ بەدیهێنانی خواست و ئامانجەکانی توێژی قوتابیان بەرز دەنرخێنین و بە ستایشەوە دەڕوانینە بەشداریکردنی چالاکانەتان لە داڕشتن و گەشەپێدانی سیستمی خوێندن و پەروەردە و پێشکەوتنی کایەی زانستیدا؛ قۆناغی هەستیاری ئێستاشمان ئەرکی زیاترتان لێدەخوازێ، بە تایبەت لە ڕووی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئینتیمای نیشتیمانی و هەستی بەرپرسیارێتی لای قوتابی وەک تاکێکی کارا و سەرکەوتووی خاوەن بیر و بەرهەم.

هۆڵ و تاقیگەکانی خوێندن هەمیشە سەنگەری زانست و پێشکەوتنی نیشتیمانن و یەکێتی قوتابیانی کوردستانیش هەمیشە پێشمەرگە ئاسا چاوەڕێی ئەرکی گەورە و دڵسۆزانەی لێدەکرێت لە پێناو ئاییندەیەکی پرشنگدار و شکۆداردا بۆ گەل و نیشتیمانە ئازیزەکەمان.
هیوای بەردەوامیی سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
بەرز و شکۆدار بێت یادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان..

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.