ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بڕیارە ئەم چوارشەممەیە 7-2-2018، سەرۆكایەتیی حكومەت و پەرلەمان و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن كۆببنەوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک فراکسیۆنەکانیش بەشداردەبن، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ئاستهنگەكانی بەردەم هەڵبژاردن و پاكکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەكرێت، رۆژی هەڵبژاردنیش دیاری دەكرێت.
پێشتر كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان وادەیەکی 45 رۆژی بۆ پاكردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەران دیاریكردبوو، هەرچەندە رۆژی 11-1- 2018 وادەکە كۆتاییهات، بەڵام تاوەكو ئێستا كۆمیسیۆن ئەنجامی پاكکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی رانەگەیاندووە.
لایەنە سیاسییە جیاوازەكان پێشبینی دەكەن زیاتر لە 100 هەزار ناوی زیادە و دووبارە و مردوو لە لیستی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستاندا هەبن. كۆمیسیۆن بڕیاریداوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان تەواوی لیستی تۆماری دەنگدەران پاكبكاتەوە. مەرجی بەشداری بەشێك لەلایەنەكانیش بۆ هەڵبژاردن پاكکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.