له درێژه‌ی ڕكابه‌ریه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌می جامی ئاسیا له یاری فوتساڵی پیاوان كه له تایوان سازكراوه، هه‌ڵبژارده‌ی تایوانی میواندار یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنی له پاڵه‌وانێتیه‌كه به‌ده‌ستهێناو به (5 - 4) له هه‌ڵبژارده‌ی مالیزیای برده‌وه.
هه‌ردوو یاریزان لای مینگ هوی و لین چی هۆنگ هه‌ریه‌كه‌و دوو گۆڵیان بۆ تایوان تۆماركرد، گۆڵه‌كه‌ی دیكه‌ش یاریزان چیی شینگ فا به‌ده‌ستی هێنا.
له‌و لاشه‌وه هه‌ریه‌ك له یاریزانان محه‌مه‌د ئه‌زوان و محه‌مه‌د ئه‌وه‌له‌دین و محه‌مه‌د خه‌یرول ئه‌فه‌ندی سێ گۆڵیان بۆ مالیزیا به‌ده‌ستهێناو گۆڵه‌كه‌ی دیكه‌ش هوای تای هیسیانگ یاریزانی تایوان به هه‌ڵه له گۆڵی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی خۆی تۆماری كرد.
به‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش كۆی خاڵه‌كانی تایوان له پێشه‌نگی ڕیزبه‌ندی گڕوپی یه‌كه‌می پاڵه‌وانێتیه‌كه بۆ 4 خاڵ به‌رزبووه‌وه.
له یاریه‌كی دیكه‌ی هه‌مان قۆناغی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌و له گڕوپی دووه‌مدا، هه‌ڵبژارده‌ی ژاپۆن به (5 - 2) له هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باشووری برده‌وه.
یاریزان كاورۆ مۆریۆكا ئاستێكی به‌رزی له یاریه‌كه‌دا پێشكه‌شكردو چوار گۆڵی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ژاپۆن به‌ده‌ستهێنا، گۆڵه‌كه‌ی دیكه‌ش یاریزان مانابۆ تاكیا تۆماری كرد، دوو گۆڵه‌كه‌ی كۆریای باشووریش هه‌ردوو یاریزان پارك یۆنگ جای و چۆن جین وو به‌ده‌ستیان هێنا.
به‌م ئه‌نجامه‌ش ژاپۆن دووه‌م سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كی مسۆگه‌ركردو كۆی خاڵه‌كانی له پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی گڕوپه‌كه گه‌یانده 6 خاڵ و شان به شانی تاجیكستانی پێشه‌نگ گه‌یشته قۆناغی چاره‌گی كۆتایی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.