Erbil 9°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 02:53

به‌رشلۆنه‌ ده‌بێته‌ میوانی ئیسپانیۆل

چواره‌م ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌م دوو یانه‌یه
کوردستان TV
100%


له‌ هه‌فته‌ی بیستودووه‌می خولی ئیسپانیاو له‌ یاری دێربی كاتالۆنیا، كاتژمێر 6:15ی ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه‌‌ به‌كاتی هه‌ولێر، یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ی پێشه‌نگی ڕیزبه‌ندی یانه‌كان ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی ئیسپانیۆلی هاوشاریه‌كه‌ی.

 ئه‌م یاریه‌ چواره‌م ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی نێوان ئه‌م دوو یانه‌یه، كه‌‌ جارێك له‌ خولی ئیسپانیاو دوو جاریش له‌ جامی شای ئیسپانیا ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه، له‌ قۆناغی یه‌كه‌می لالیگادا، به‌رشلۆنه‌ به‌ پێنج گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له‌ ئیسپانیۆلی برده‌وه.

له‌ قۆناغی چاره‌گی كۆتایی جامی شای ئیسپانیاش به‌رشلۆنه‌ له‌ كۆی هه‌ردوو یاری چوون و هاتن، به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێك پێش ئیسپانیۆل كه‌وت و گه‌یشته‌ قۆناغی پێش كۆتایی.

 له‌باره‌ی یاریه‌كه‌و له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا ئێرنیستۆ ڤالڤێردی ڕاهێنه‌ری یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ڕكابه‌ره‌كه‌یان توانایه‌كی به‌رزی له‌ هه‌ردوو هێڵی به‌رگری و هێرشبه‌ر هه‌یه‌و پێشبینیشیكرد یاریزانانی ئیسپانیۆل به‌ هه‌مان گوڕوتینی یاریه‌كانی پێشوو ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌و هه‌وڵی تۆماركردنی ئه‌نجامێكی هاوشێوه‌ی یاری گه‌ڕی چوونی قۆناغی هه‌شتی جامی شای ئیسپانیا بده‌ن كه‌ به‌ گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر له‌ بارسایان برده‌وه.

ڕاهێنه‌ری به‌رشلۆنه‌ گوتیشی، ئه‌ركی تیپه‌كه‌مان له‌ یاریه‌كه‌دا سه‌خت ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی یاری دێربیه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆمان ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، به‌ڵام هه‌موومان له‌و جۆره‌ یاریانه‌ ڕاهاتووین و ئامانجیشمان به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنه‌ له‌سه‌رجه‌م یاریه‌كاندا.

 ڤالڤێردی ئاشكراشی كرد كه‌ یاری مینای به‌رگریكاری نوێی تیپه‌كه‌ی به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ شێوازی یاریكردن و پلانی به‌رشلۆنه‌ ڕاهاتووه‌و ده‌توانێت له‌ یاری سبه‌ی یان یاریه‌كانی دیكه‌ به‌شداربێت.

 ڕاهێنه‌ره‌كه‌ هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ئینیێستا له‌ سه‌ره‌تای یاریه‌كه‌وه‌ به‌شداری نه‌كات، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری یاریه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌دا به‌شداری كردووه‌و پێویستی به‌ حه‌سانه‌وه‌یه.

جێگای باسه‌ به‌رشلۆنه‌ خاوه‌نی 57 خاڵه‌و له‌ سه‌رووی لیستی ڕیزبه‌ندی یانه‌كان دایه، ئیسپانیۆلیش به‌ 24 خاڵ له‌ پله‌ی پازده‌می ڕیزبه‌ند .

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.