شازادە وەلید بن تەلال، کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە سعودیە دەستبەسەر کرابوو، ئەمڕۆ شهممه ئازادکرا.
سەرەتای مانگی پێشوو بن تەلال لەگەڵ دەیان شازادە و بەرپرسى سعودی لە چوارچێوەی "هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی" دا دەستگیر كرا و رەوانەی هۆتێلی ریتز كارڵتنی ریاز كرا كە شوێنی حەوانەوەی شازادە و بەرپرسە دەستگیركراوەكانە.
هەڵمەتەكە بە دەستپێشخەری محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە دەستیپێكرد و خۆیشی سەركردایەتی دیوانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكات. لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر لە دەستگیركراوەكان ئازادكران و، ئەمڕۆ شازادە وەلید بن تەلالیش ئازادکرا.
سامانی بن تەلال، تەمەن 62 ساڵ، بە نزیكەی 20 ملیار دۆلار مەزندە دەكرێت و بە دەوڵەمەندترین پیاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنرێ، بە گوتەی كەسانی نزیك لە بن تەلال حكومەت داوای شەش ملیار دۆلاری كردبوو بۆ ئەوەی ئازادی بكات بەڵام شازادە وەلید پێیوابوو ئەگەر ئەو بڕە پارەیە بداتە حكومەتی سعودیە، ئەوە راستەوخۆ دانی بەوەدا ناوە كە تاوانی كردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.