Erbil 31°C چوارشەممە 19 ئاب 19:36

ئەپڵ ملکەچی فشارەکانی ئەوروپا دەبێت و سنووربەندییەکانی سەر ئەپ ستۆر کەمدەکاتەوە

100%

کۆمپانیای تەکنەلۆژیای ئەمریکی ئەپڵ ڕایگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتووەوە گۆڕانکاریی نوێ لە یاساکانی کارکردنی فرۆشگای ئەلیکترۆنیی ئەپ ستۆردا جێبەجێ دەکات. ئەم بڕیارە دوای فشارە بەردەوامەکانی یەکێتیی ئەوروپا دێت بۆ ڕێگەدان بە بەکارهێنەران تاوەکو سوود لە بژاردەی جیاواز بۆ دابەزاندنی ئەپڵیکەیشنەکان و شێوازی پارەدان وەربگرن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی نێوان ئەپڵ و کۆمیسیۆنی ئەوروپا، گەشەپێدەرانی بەرنامەکان لەمەودوا ئازادییەکی زیاتریان دەبێت لە دیاریکردنی شێوازی دابەشکردنی بەرهەمەکانیان و چۆنیەتی وەرگرتنی پارە لە بەکارهێنەران. هەروەها پڕۆسەی دابەزاندنی ئەپڵیکەیشنەکان لە دەرەوەی سەکۆی فەرمیی ئەپ ستۆر، وەک لە ڕێگەی ماڵپەڕەکان یان فرۆشگاکانی دیکەوە، ئاسانتر دەکرێت.

کۆمیسیۆنی ئەوروپا کە بەرپرسە لە جێبەجێکردنی یاساکانی دژە قۆرخکاری، پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو ڕسووماتەی ئەپڵ دەیسەپێنێت، ڕێگر بووە لەوەی گەشەپێدەران سەکۆکانی دیکە بۆ دابەشکردنی بەرنامەکانیان بەکاربهێنن. هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە نیسانی 2025ـدا، یەکێتیی ئەوروپا غەرامەیەکی گەورەی بە بڕی 500 ملیۆن یۆرۆ (هاوتای 578 ملیۆن دۆلار) بەسەر ئەپڵدا سەپاند بەهۆی پێشێلکردنی یاسای بازاڕە دیجیتاڵییەکان.

بەپێی یاسای نوێی بازاڕە دیجیتاڵییەکانی ئەوروپا، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ئەپڵ، ئەلفابێت (گووگڵ) و ئەمازۆن وەک لایەنی نێوەندگیر یان دەروازەپارێز پێناسە دەکرێن، ئەمەش پابەندیی یاسایی زیاتریان دەخاتە سەر بۆ زامنکردنی کێبڕکێی دادپەروەرانە و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری لە بازاڕەکاندا.

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.