Erbil 14°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 15:44

سه‌رۆک بارزانی: هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ین بۆ وه‌ستاندنی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ر عه‌فرین

ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركووك روویدا به‌هۆی خیانه‌ت بوو له‌ناو كورد
کوردستان TV
#7
100%

سه‌رۆك بارزانی، له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی بی بی سی بریتانی رایگه‌یاند: ناردنی پێشمه‌رگه‌ بۆعه‌فرین كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ناكات، باشترین هاوكاری بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ ته‌واوی هه‌وڵه‌كانمان بخه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ بوه‌ستێنین.

ئه‌مه‌ش ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یه‌ كه‌ له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ كراوه‌ته‌ كوردی:

 :BBC راتان به‌رامبه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی توركیا له‌ عه‌فرین چییه‌؟

سه‌رۆك بارزانی: ئیمه‌ زۆر نیگه‌رانین و هیوادارین به‌ زووترین كات كۆتایی پێ بێت چونكه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك به‌ شه‌ڕ چاره‌سه‌ر ناكرێت.

: BBC به‌ڕای ئێوه‌ پێشمه‌رگه‌ هیچ رۆڵێكی ده‌بێت له‌و شه‌ڕه‌دا؟ ئایا ئێوه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرن بۆ یارمه‌تیدانی یه‌په‌گه‌؟

سه‌رۆك بارزانی: ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ناكات. باشترین هاوكاری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ین بۆ وه‌ستاندنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌.

: BBC له‌ دوای 2003ه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك چیرۆكی سه‌ركه‌وتن باس ده‌كرا. كورد له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا گه‌شه‌یان كرد. به‌ڵام ئێستا ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌یان له‌ ده‌ستداوه‌. پێتانوایه‌ ئێوه‌ ریسكێكتان كرد و شكستان خوارد؟

 

سه‌رۆك بارزانی: من پێشتریش گوتوومه‌ كه‌ هه‌رگیز په‌شیمان نیم و دووپاتیشی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ په‌شیمان نین له‌ ده‌نگدانی 3 ملیۆن كه‌س. به‌لای منه‌وه‌ ریفراندۆم سه‌ركه‌وتوو بوو. 93% خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به‌ به‌ڵێ دا.

 :BBC تۆ ده‌ڵێی سه‌ركه‌وتوو بوو. به‌ڵام واقیعه‌كه‌ وانییه‌. چونكه‌  كورد له‌ دوای ریفراندۆمه‌وه‌ ئازاریان پێگه‌یشت و ئێوه‌ش سه‌ربه‌خۆییتان به‌ده‌ست نه‌هێنا.

سه‌رۆك بارزانی: من ئه‌وه‌ به‌ڕاست نازانم كه‌ هێندێك كه‌س بڵێن ئه‌وه‌ی روویدا به‌ هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ بوو. ئه‌و كێشانه‌ی هاته‌ پێش له‌ 2014 و پێش شه‌ڕی داعش ده‌ستیان پێكرد، هه‌ر له‌ بڕینی بودجه‌وه‌ پاشان شه‌ڕی داعشی به‌سه‌رداهات و نزیكه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر روویان له‌ كوردستان كرد كه‌ ئێمه‌ به‌ته‌نیا رووبه‌ڕووی ئه‌و كێشانه‌ بووینه‌وه‌. زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیش له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌ن. ئیتر بۆچی ناوی بنێین شكست.

 :BBCئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێیانڕاگه‌یاندن كه‌ ئێستا كاتێكی باش نییه‌ بۆ ریفراندۆم. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر ئایا پێتوانییه‌ باشتربوو گوێ له‌ ئامۆژگاری ئه‌مه‌ریكا بگرن؟

سه‌رۆك بارزانی: جارێ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم تاوان نییه‌. میلله‌تێك ویستی به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ و دیموكراتیانه‌ گوزارشت له‌ رای خۆی بكات. ئه‌وانه‌ی كه‌ گوتیان كاته‌كه‌ بۆ ریفراندۆم گونجاو و باش نییه‌, هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤ و كاتێكیان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم پێشكه‌شی ئێمه‌ نه‌كرد. هیچ به‌دیلێكی قه‌ناعه‌تپێكه‌ریان نه‌بوو بۆ خه‌ڵكی كوردستان. ئێمه‌ ریفراندۆم به‌ تاوان نازانین به‌ڵكو پیاده‌كردنی دیموكراتیانه‌ی مافی میلله‌تێكه‌.

BBCبه‌ڵام له‌ ده‌ره‌نجامدا ئێوه‌ كۆنترۆڵی كه‌ركووك و چه‌ند ناوچه‌ی ترتان له‌ ده‌ستدا. ئایا پێتوانییه‌ ئه‌وه‌ی روویدا هه‌ڵه‌ بوو؟

سه‌رۆك بارزانی: من به‌ هه‌ڵه‌ی نازانم و لێشی په‌شیمان نیم. ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركووكیش روویدا به‌هۆی خیانه‌ت بوو له‌ناو كورد. من پێشی ریفراندۆمیش گوتوومه‌ كه‌ كه‌ركووك پێویسته‌ شاری پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی بێت و ئێستاش هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و رایه‌م.

 :BBCباسی خیانه‌تت كرد له‌ نێو كورد ئه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كورد چه‌ند ناكۆكن له‌ نێوخۆیاندا. ئێمه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ كه‌ركووك به‌ڵكو له‌ هه‌ولێریش قسه‌مان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك كردووه‌ كه‌ ده‌ڵێن ئازار ده‌چێژن به‌هۆی ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ كه‌ركووك روویاندا. له‌ رووی ئاسایش و داراییه‌وه‌  زیانیان پێگه‌یشتووه‌. گله‌یی له‌حكوومه‌تی به‌غدا ده‌كه‌ن به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا له‌ به‌رپرسانی كوردیشی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌و  ناكۆكییانه‌ هۆكاری ئه‌و رووداوانه‌ بوون.

سه‌رۆك بارزانی: پێش ریفراندۆمیش باسی ئه‌و ناكۆكییانه‌ ده‌كرا, به‌ڵام له‌ راستیدا 93% خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به‌ (به‌ڵێ) دا له‌ ریفراندۆم. خه‌ڵكێكی زۆر به‌ شداریان له‌ ریفراندۆمدا كرد. ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ئێستا گله‌یی له‌ سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌كه‌ن پێشتریش هه‌ر گله‌ییان هه‌بوو. میلله‌تێكیش داوای ئازادی و سه‌ربه‌ستی بكات بێگومان ده‌بێت باجیش بدات. ئه‌گه‌ر خیانه‌تی گرووپێكی كوردیش نه‌بووایه‌, ئه‌و رووداوانه‌ روویان نه‌ده‌دا. هه‌روه‌ها له‌ ده‌ستووری عێراقیشدا هاتووه‌ كه‌ پابه‌ندبوون به‌و ده‌ستووره‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق ده‌پارێزێت.

 :BBCكه‌واته‌ ئێوه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێن ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركووك روویدا به‌شێكی به‌ هۆی ناكۆكی نێو سه‌ركردایه‌تی كورد بوو.

سه‌رۆك بارزانی: ریفراندۆم بڕیاری حیزبێك و شه‌خسێك و لایه‌نێك نه‌بوو. بڕیاری تێكڕای حیزبه‌كانی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان بوو له‌ ساڵی 2014. هه‌موو حیزبه‌كانیش له‌ گه‌ڵیبوون. له‌وانه‌یه‌ هێندێك كه‌س له‌گه‌ڵی نه‌بووبن, به‌ڵام كه‌س نه‌هات بڵێ من دژم. ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركووك روویدا خیانه‌تی تاقمێك بوو. ئه‌گینا هه‌موو سه‌ركردایه‌تی پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كان هاوبۆچوون بوون له‌ سه‌ر ریفراندۆم.

 :BBCكێ خیانه‌تی لێكردن؟

سه‌رۆك بارزانی: خه‌ڵكی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌زانن ئه‌وانه‌ كێن.

 :BBC هێندێك كه‌س ده‌ڵین ریفراندۆم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد نه‌بوو. به‌ڵكو به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌رباره‌ی كۆنترۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت بوو .

سه‌رۆك بارزانی: 93% خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان بۆدا ئیتر خه‌ڵكی چی ده‌ڵێن ده‌رباره‌ی ریفراندۆم گرنگ نییه‌.

:BBC ئه‌ی چاره‌نووسی كه‌ركووك؟ پێشمه‌رگه‌ له‌ دوای هاتنی داعش بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ به‌رپرس بوو له‌ پاراستنی كه‌ركووك و نه‌وته‌كه‌ی. ئێستا خه‌ڵكێكی زۆر له‌ كه‌ركووك ده‌پرسن ئایا هه‌ر هێزه‌كانی عێراق له‌ كه‌ركووك ده‌بن ؟

سه‌رۆك بارزانی: ئێستا دانوستان به‌رده‌وامه‌. كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه‌ ئێستا داگیركراون پێمانوایه‌ به‌ گفتوگۆ و دانوستان چاره‌سه‌ر بكرێن.

:BBC كه‌واته‌ پێتانوایه‌ كه‌ركووك داگیر كراوه‌؟

سه‌رۆك بارزانی: به‌ڵێ ئێستا داگیركراوه‌.

 :BBC چه‌ند نزیكن له‌ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌ باره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌ش له‌ كه‌ركووك؟

سه‌رۆك بارزانی: تا ئێستا دانوستان به‌رده‌وامه‌ و هیوادارم بگه‌ینه‌ رێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش. به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سیاسه‌تی خۆسه‌پاندن و سه‌پاندنی ئه‌و واقیعه‌ی ئێستا هه‌یه‌ قبوڵ ناكه‌ین.

 :BBC ئه‌گه‌ر دانوستان شكستی هێنا چی ده‌كه‌ن؟

سه‌رۆك بارزانی: ئه‌گه‌ر سه‌ری نه‌گرت ئه‌و كاته‌ دیار ده‌بێت چی رووده‌دات و نامانه‌وێ پێش رووداوه‌كان بكه‌وین.

 :BBCئایا پێشبینی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ ده‌كه‌ن له‌ كه‌ركووك چونكه‌ ئه‌وه‌ مایه‌ی نیگه‌رانییه‌كی گه‌وره‌ی خه‌ڵكه‌؟

سه‌رۆك بارزانی: نا ئێمه‌ هه‌رگیز له‌ گه‌ڵ شه‌ڕ نه‌بووین و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین بگه‌ینه‌ رێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش. ریفراندۆمیش بۆ ئه‌وه‌ كرا رێگه‌ له‌ شه‌ڕ بگرین نه‌ك بكرێته‌ بیانوو.

: BBC ئایا پێتوایه‌ ئه‌مه‌ كۆتایی هیوای كورده‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ. یان ئێوه‌ هه‌وڵێكی تر ده‌ده‌ن, نه‌ك هه‌ر له‌ عێراق به‌ڵكو بۆچوونی ئێوه‌ ده‌رباره‌ی داهاتووی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ چییه‌؟

سه‌رۆك بارزانی: نه‌خێر به‌ هێچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری سه‌ربه‌خۆیی نابین.

 :BBC ئایا ئێوه‌ نیگه‌ران نین له‌وه‌ی ئه‌و گرژیانه‌ی له‌ كه‌ركووك وناوچه‌كانی دیكه‌ی باكووری عێراق هه‌یه‌ بوار بۆ پاشماوه‌كانی داعش خۆش ده‌كات؟

سه‌رۆك بارزانی: هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ یارمه‌تی هێزه‌كانی عێراقی نه‌دابووایه‌ هه‌رگیز نه‌یانده‌توانی مووسڵ رزگار بكه‌ن. ئه‌وه‌ هه‌قیقه‌تێكه‌, به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركووك روویدا بوارێكی زۆری بۆ داعش ره‌خساندووه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ راست نییه‌ كه‌ بڵێێن داعش ته‌واو بووه‌.

 :BBCكه‌واته‌ تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دا نیت كه‌ داعش به‌ یه‌كجاری له‌نێوچووه‌؟ ئێوه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ چی ده‌كه‌ن؟

سه‌رۆك بارزانی: بۆ ئێمه‌ شه‌ڕی تیرۆریستان له‌ ژێر هه‌ر ناوونیشانێكدا بن ئه‌ركێكی له‌ پێشینه‌یه‌. به‌ هیچ شێوه‌یه‌كیش رێگه‌ ناده‌ین داعش له‌ ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی ئێمه‌دا سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه‌. به‌ڵام شه‌ڕی داعش ته‌نیا شه‌ڕی سه‌ربازی نییه‌ به‌ڵكو شه‌ڕێكی سیاسی و فه‌رهه‌نگیشه‌.

:BBC تۆ ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ت بوویت. كه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجام ده‌درێت, ئایا ئێوه‌ كه‌سێكتان له‌خه‌یاڵدایه‌ كه‌ گه‌نجاو بێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی؟

سه‌رۆك بارزانی: من رێز له‌ یاسا ده‌گرم و به‌پێی یاساش ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌م كۆتایی هات. به‌ پێی یاساش هه‌موو هاووڵاتییه‌ك كه‌ مه‌رجه‌كانی تێدا بێت ده‌توانێت خۆی بپاڵێوێت. بۆ كاتی هه‌ڵبژاردنیش جارێ هه‌ر له‌ گفتوگۆداین بۆ ده‌ستنیشانكردنی كاته‌كه‌ی.

:BBC ئه‌ی ئێوه‌ له‌ داهاتوودا چی ده‌كه‌ن. هه‌ر به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌مێننه‌وه‌؟

سه‌رۆك بارزانی: من هه‌ر پێشمه‌رگه‌بووم و به‌ پێشمه‌رگه‌ش ده‌مێنمه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: كوردستان 24

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.