ڕۆژی سێشه‌ممه 23/1/2018 به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی باڵای هه‌رێم كه له به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، د. فوئاد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، د. ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و د. ئامانج ڕه‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتبوو، گه‌یشته شارۆچكه‌ی داڤۆس له سویسرا.
ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك، سه‌رۆك وه‌زیران، پاشا، سه‌ركرده‌كانى جیهان و میوانانى باڵاى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له داڤۆس، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى پێشوازى و خوانێكى ئێواره كرد كه له‌لایه‌ن به‌ڕێز كڵاوس شواب دامه‌زرێنه‌رى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان و خاتوو هیلدێ شوابى هاوسه‌رییه‌وه ڕێكخراوه بوو.
له میانی هه‌رسێ ڕۆژی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان خاوه‌نشکۆ شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م ـ شای شانشینی ئوردنیى هاشمی، كارن كاراپێتیان سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌رمینیا، حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، جێفرى فێلتمان جێگرى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سیاسى، ڕا‌شد ئه‌لغه‌ننووشی بیرمه‌ند و سیاسه‌تمه‌دار و كه‌سایه‌تیى دیار و سه‌رۆكى پارتى نه‌هزه‌ى توونسى، خاتوو ئیزابێل لۆڤین جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى سوێد، ژۆن ئیڤ لۆدریان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا، ڕیكس تیله‌رسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، خێرا بۆرژوا سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی فلانده‌رزی به‌لجیکا، مارك ڕۆته سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا، خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلا‌ین وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا، کێنتۆرا سۆنوورا ڕاوێژکاری سه‌رۆک وه‌زیرانی ژاپۆن ـ سه‌رۆکی شاندی ژاپۆن بۆ كۆڕبه‌ندی داڤۆس و ژماره‌یه‌ك له سیاسه‌تمه‌دار و خاوه‌نكار و كۆمپانیا و كه‌سایه‌تى و چالاكوانانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى، چه‌ندین كۆبوونه‌وه و دیداری ئه‌نجامدا.
له كۆبوونه‌وه و دیداره‌كاندا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدا پێشكه‌ش كرد و تیشكى خسته سه‌ر دوا سه‌ردانیان بۆ به‌غدا و دیداریان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و كاری لێژنه هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوولاى به سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان زانی، دووپاتیشى كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه بۆ گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌پێی ده‌ستووری عێراق. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى خسته ڕوو كه هه‌نگاوه‌كان ئه‌رێنى و باشن، به‌ڵام پێویسته ئه‌نجامى كرده‌ییان لێ بكه‌وێته‌وه و بۆ ئه‌مه‌ش بڕیارى سیاسى پێویسته. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه پشتگیریى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ سه‌رخستنى دیالۆگ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداى به پێویست زانی.
له دیدار و كۆبوونه‌وه‌كاندا مامه‌ڵه و هه‌ڵوێستى ئاشتیانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بۆ چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ، مایه‌ى ڕێز و پێ‌زانین و پشتگیریى هاوبه‌شان و دۆستانى هه‌رێمى كوردستان بوو، هه‌روه‌ها هه‌رێمى كوردستان مایه‌ى باوه‌ڕى كۆمپانیاكان و خاوه‌نكارن و پیاوانى كار بوو، بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى و ده‌رفه‌تى كار و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابوورى بۆ ئێستا و داهاتوو.
په‌ره‌پێدانی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتان له هه‌موو بواره‌كاندا، ڕه‌وشی ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمی كوردستان، یارمه‌تی و هاوكاریی كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمی كوردستان و خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌شداریكردن و سوودمه‌ندبوون له كۆنفرانسى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق كه بڕیاره له كوێت ببه‌سترێت، تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و دۆخى عێراق و هه‌ڵبژادنه‌كانى داهاتوو به‌تایبه‌تى، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى بوون له میانى به‌شداریكردنى له كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهاندا له داڤۆس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.