ئه‌مڕۆ هه‌ینی 26/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز کێنتۆرا سۆنوورا ڕاوێژکاری سه‌رۆک وه‌زیرانی ژاپۆن ـ سه‌رۆکی شاندی ژاپۆن بۆ كۆڕبه‌ندی داڤۆس، كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ئاماده بوون، هه‌ردوولا خۆشحاڵیی خۆیان به‌و دیداره ده‌ربڕی و باسیان له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ژاپۆن و په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان كرد. هه‌روه‌ها ڕه‌وشی ئاواره و په‌نابه‌رانیان له هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد و له‌مباره‌یه‌وه ڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشوازیكردن و حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره و په‌نابه‌ران و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆیان به‌رز نرخێنرا.
به‌ڕێز سۆنوورا پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان له چوارچیوه‌ی پرۆگرامه‌كانیان بۆ عێراق و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له بواره جیاوازه‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌و بوارانه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان بتوانێت سوود له پسپۆڕی و شاره‌زایی ژاپۆن وه‌رگرێت، دووپات كرده‌وه.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتیوانی و هاوكارییه‌كانی گه‌ل و حكوومه‌تی ژاپۆرن ده‌ربڕی و پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و دیالۆگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێشكه‌ش كرد و پابه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌پێی ده‌ستووری عێراق نیشان دا و هیوای خواست كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌نجامی باشی لێ بكه‌وێته‌وه.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی كۆنفرانسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق كرا كه بڕیاره له كوێت ئه‌نجام بدرێت و له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران به گرنگی زانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له كۆنفرانسه‌كه‌دا بكات و پشكی خۆی له پڕۆژه‌كان بۆ دابین بكرێت.
تاوتێكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به ناوچه‌كه‌وه، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.