Erbil 19°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 14:54

ئه‌مه‌ریکا پشتگیری خۆی بۆ مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان دووپات ده‌کاته‌وه‌

نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ل وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
100%


له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پشتگیریى ئه‌مه‌ریكاى بۆ دیالۆگى نێوان هه‌ردوولا، سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

ماڵپه‌ری فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25/1/2018 له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له‌ داڤۆس، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ڕیكس تیله‌رسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه‌.

تیله‌رسۆن، خۆشحاڵیى خۆى بۆ ئه‌م دیداره‌ ده‌ربڕى بۆ ئاگاداربوون له‌ دوا پێشهاته‌كانى دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غدا و كارى ئه‌و لیژنانه‌ى له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵدا كراوه‌، پشتگیریى ئه‌مه‌ریكایشى بۆ دیالۆگى نێوان هه‌ردوولا، سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه‌ به‌پێى ده‌ستوورى عیراق و له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، پوخته‌یه‌كیشى ده‌رباره‌ى دوا پێشهاته‌كان و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌بادى له‌ به‌غدا و له‌ داڤۆس پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند: هه‌نگاوه‌كان ئه‌رێنى و باشن، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌نجامى كرده‌ییان هه‌بێت و به‌رده‌وام بین تا ده‌گه‌ینه‌ چاره‌سه‌ر، ئه‌مه‌ش پێویستى‌ بڕیارى سیاسى هه‌یه‌. 

هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و گوتى: ده‌بێت هاوبه‌شه‌كه‌مان هانى دیالۆگ و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ بده‌ن.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دۆخى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ختى و كێشه‌ ئابوورى و داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كرا و تیشكى خرایه‌ سه‌ر دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و گرنگیى به‌رده‌وامیى یارمه‌تییه‌ ته‌كنیكییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ پرۆسه‌ى چاكسازییه‌كان، به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى كارگێڕى و كارگێڕیى داراییدا بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ كار بكرێت له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى و گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك له‌ به‌رژوه‌ندیى هه‌موواندا بێت و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردن. باسكردن له‌ میكانیزمى هاوبه‌ش بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، شه‌ڕى داعش و قۆناغى دواى ئه‌وه‌ و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوون.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندى یاوه‌ڕى سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌ریه‌ك له‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، د. فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.