Erbil 19°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 14:58

قوباد تاڵه‌بانی: هێشتا هزری داعش له‌ ناوچه‌که‌دا ماوه‌ 

قوباد تاڵه‌بانی: ده‌بێ له‌ ڕووی فكره‌وه‌‌ داعش بنه‌بڕ بكرێت
کوردستان TV
100%

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی  كوردستان به‌شداری له‌ پانێڵێكی ڕۆژی دووه‌می كۆڕبه‌ندی داڤۆس كرد جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێشتا هۆكار و فاكته‌ره‌كان و هزری داعش له‌ ناوچه‌كه‌دا ماوه‌ و به‌ پێویستی زانی له‌ ڕووی فكره‌وه‌‌ داعش بنه‌بڕ بكرێت و ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی، نه‌هێڵرێن و چاره‌ بكرێن.

له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا له‌ داڤۆس، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٥/١/٢٠١٨  قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ پانێڵێكی ڕۆژی دووه‌می كۆڕبه‌نده‌كه‌دا كرد كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ڕه‌وشی عێراق و سووریا و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌م دوو وڵاته‌ له‌ ده‌ستی گرووپی تیرۆرستیی داعش ڕزگار كراون و هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی بانكی جیهانی و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای كرێسن پترۆلیۆم و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌ تیایدا به‌شدار بوون.

قوباد تاڵه‌بانى له‌ وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ ده‌ستی داعش ڕزگار كراون ته‌نیا پێویستییان به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی خانوو و باڵه‌خانه‌كان‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ ڕووی ئاشته‌واییی كۆمه‌ڵایه‌تی و دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كانیشه‌وه‌، پێویستى به‌ كارێكى زۆر هه‌یه‌ كه‌ هاتنی داعش له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپی له‌سه‌ر پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ هه‌بوو‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا  تیشكی خسته‌ سه‌ر كار و چالاكییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا پێشوازی له‌ ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆرستانی داعش كردووه‌ و خزمه‌تگوزاریی پێویستی پێشكه‌ش كردوون، ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌كی زۆری بۆ خزمه‌نگوزاریی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه. 

هه‌روه‌ها هیوای خواست‌ له‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ تیرۆرستانی داعش ڕزگار كراون، هه‌رێمی كوردستانیش له‌به‌رچاو بگیرێت.

جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێشتا هۆكار و فاكته‌ره‌كان و هزری داعش له‌ ناوچه‌كه‌دا ماوه‌ و به‌ پێویستی زانی له‌ ڕووی فكره‌وه‌‌ داعش بنه‌بڕ بكرێت و ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی، نه‌هێڵرێن و چاره‌سه‌ر بكرێن.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.