Erbil 14°C شەممە 28 کانونی یەکەم 13:14

کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کان: کارتی پێشووی ده‌نگدانی تایبه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێنریته‌وه‌

بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ ١٢/٥/٢٠١٨ له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق ئه‌نجام بدرێت
کوردستان TV
100%

به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی هه‌ولێری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، رایده‌گه‌ێنێ، كارتی پێشووی ده‌نگدانی تایبه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێنریته‌وه‌ و سه‌ر له‌ نوێ چاپده‌كرێته‌وه‌.

له‌ دیوانی پارێزگای هه‌ولێر، نووسینگه‌ی هه‌ولێری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر كۆبووه‌وه‌ و ئامانج له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش پێدانی رێنماییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی ئایاری داهاتوودا ئه‌نجام بدرێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی هه‌ولێری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، عه‌لی قادر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێر ٥٣ بنكه‌ی ده‌نگدان كراوه‌یه‌ كه‌ ٢٦ بنكه‌ له‌ سه‌نته‌ری شار و هه‌شت بنكه‌ له‌ ده‌ورووبه‌ر و ئه‌وانی دیكه‌ش له‌ قه‌زا و شاره‌دێیه‌كانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێرن.

به‌ پێی قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، كارتی تایبه‌ت به‌ ده‌نگدان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و هۆكاره‌كه‌یشی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ به‌ هۆی بارودۆخی تایبه‌تیی عێراقه‌وه‌ ئه‌وا كارته‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست خه‌ڵكی دیكه‌ و رایگه‌یاند، كارتی تایبه‌ت و كه‌سایه‌تییه‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ئه‌و كارتانه‌ له‌ ره‌وشی نائاسایی سه‌ربازی و سیاسی عیراق كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست خه‌ڵكانی دیكه‌، بۆیه‌ بڕیاردراوه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كارته‌كان، داوایشی له‌ هاووڵاتییان كرد كه‌ بایۆمه‌تری ئه‌نجام بده‌ن.

عه‌لی قادر گوتیشی: ئێمه‌ كارتی كاتیی بۆ ده‌نگدانی تایبه‌ت دروست ده‌كه‌ین و به‌ شێوه‌یه‌كی خێرا كه‌ له‌ ١/٣/٢٠١٨ ده‌گاته‌ سه‌رجه‌م ئۆفیسه‌كانی كۆمسیۆن له‌ سه‌رانسه‌ری عیراق و به‌سه‌ر ده‌نگده‌رانی تایبه‌تدا دابه‌ش ده‌كرێت.

 

به‌ پێی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ده‌نگده‌ر ده‌توانێت له‌ ناوه‌نده‌كانی دابه‌شكردنی كارته‌كان بدۆزێته‌وه‌ له‌ رێگای ئه‌پڵیكه‌یشنی "په‌نجه‌مۆرت ده‌نگته‌" له‌ ئه‌پستۆری و گووگڵ پله‌ی. یان له‌ رێگای تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. ئه‌گه‌ر ده‌نگده‌ر كارتی نیشتمانیی نه‌بوو ئه‌وا پێویسته‌ یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی دیكه‌ی سه‌لماندن له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرێت وه‌ك ناسنامه‌ی باری شارستانی یان ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی ماوه‌ به‌سه‌رنه‌چوو، یان پاساپۆڕت یان كارتی زانیاریی.

ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی كارتی پێشووی هه‌ڵبژاردنییان وه‌رنه‌گرتووه‌ ده‌بێت سه‌ردانی ناوه‌ندی تۆماركردن بكه‌ن كه‌ له‌ رووی جوگرافییه‌وه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ دڵنیابوونه‌ له‌وه‌ی پێشووتر كارتی ده‌نگدانیان وه‌رنه‌گرتووه‌.

بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ ١٢/٥/٢٠١٨ له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق ئه‌نجام بدرێت.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.