Erbil 34°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 12:35

وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری یەکگرتنەوەی دوو لیوای دا

بۆ لەمەودوا فەوج و لیواکان تەنیا فەرمان لە بەرپرسی میحوەرەکانیان وه‌رده‌گرن
کوردستان TV
100%

وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەنجامدا و تێیدا بڕیاردرا بە یەکگرتنەوەی هەردوو لیوای یەک و دووی پیادە، بڕیاریشدرا بۆ لەمەودوا فەوج و لیواکان تەنیا فەرمان لە بەرپرسی میحوەرەکانیان وەربگرن.

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە 24-1-2018 لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی یەكەكانی 70، بە ئامادەبوونی فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەت و ژمارەیەك لە گەورە ئەفسەرانی دیوانی وەزارەت و فەرماندە و جێگرانی لیواكانی 1 و 2ی پیادە، كۆبوونەوەیەكی فراوان لەبارەی چۆنێتی یەكگرتنەوەی هەردوو لیوا و فەوجەكان بەڕێوەچووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا "تەواوی بڕیارە پێویستەكان" بۆ یەكگرتنەوەی لیوا و فەوجەكان دراوە.

 لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "دووپاتكرایەوە لە پێویستیی یەك فەرمانی و یەك بڕیاری لەناو ریزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. لەڕووی ئۆپەراسیۆنیشەوە تەواوی ئەو فەرمان و بڕیارانەی دەدرێن لەلایەن لیواكانەوە رێكاری پێویستی بۆ دەستنیشانكرا و بڕیاردرا لەمەودوا هەر لیوایەك لە سنووری هەر میحوەرێكدا جێگیربكرێت. پێویستە فەرمانە سەربازییەكان تەنها لە فەرماندەی میحوەر و وەزارەتی پێشمەرگە وەربگرێت، ئەوەش ئەو كێشە و گیروگرفتانەی كە پێشتر رووبەڕووی بەشێك لە هێزەكان ببووەوە، چارەسەردەکات".

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ناوچەی ئۆپەراسیۆنی لیواكانی 1و2ی پیادە دیاریكراون، بڕیاردراوە بە دروستكردنی لیژنەیەكی باڵا بۆ بەدواداچوون و دەستنیشانكردنی كەموكوڕی لیواكان و چۆنێتیی چارەسەركردنی گیروگرفتەكانیان لە قۆناخی یەكگرتنەوەیاندا.

هەر بەپێی راگەیێندراوەکە "ماوە و كاتی پێویست بۆ یەكگرتنەوەی لیواكان دیاریكراوە. هەردوو فەرماندەی لیواكانی 1و 2  پابەندیی خۆیان بە تەواوی بڕیار و فەرمانەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتكردەوە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.