مەلا عەبدوڵا سەعید، سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەبارەی ئەو فتوایەی كە ئەوقافی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان داویەتی، بە باسنیوزی ڕاگەیاند" ئەوە فتوا نییە، بەڵكوو بەكارهێنانی ئایینە بۆ قڕكردنی كورد، توركیا هاوشێوەی ڕژێمی پێشوی عێراق كە سوورەتی ئەنفالی بۆ لەناوبردنی میللەتی كورد بەكار هێنا، دەیەوێت جارێكی دیكە ئایین بۆ لەناوبردنی میللەتی كورد بەكار بهێنێت".
سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی جەختی لەوەش کردەوە" ئەو كارەی توركیا هیچ پەیوەندیی بە ئیسلامەوە نییە و توركیا سوورەتی قورئان بەكار دێنی و ئەوەش ناشیرینكردنی ئیسلامە بە دەستی توركیا، چونكە بە هیچ شێوەیەك دروست نییە ئایین بۆ لەناوبردنی میللەتێك جا ئەو میللەتە كورد، عەرب، تورك یان فارس بێ یان میللەتێكی دیكە".
مەلا عەبدوڵا سەعید دەشڵێت" ئایین بۆ ڕزگاركردنی گەلان هاتووە و كوردیش یەكێكە لەو گەلانە".
ڕۆژی یەكشەممە 21/1/2018 ئەوقافی توركیا بە سوورەتی فەتح فتوای لەبارەی هێرشكردنە سەر عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان دەركرد، هەروەها سەرجەم مزگەوتەكانی توركیا ڕاسپێردراون لە وتارەكەیاندا بە سوورەتی فەتح ڕەوایەتی بەو هێرشە بدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.