Erbil 20°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 17:04

له‌ رۆژێکی وه‌کو ئه‌مڕۆ ئاڵای کوردستان له‌ گۆڕه‌پانی چوارچرای شاری مه‌هاباد هه‌ڵکرا

له‌ 22ى كانوونى دووه‌مى 1946 و له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ له‌ مه‌هاباد ئالاى كوردستان هه‌ڵكرا
کوردستان TV
100%

له‌ 22ى كانوونى دووه‌مى 1946 و له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕه‌پانى چوارچراى شارى مه‌هاباد ئالاى كوردستان هه‌ڵكرا، هه‌رچه‌نده‌ تا ئه‌وكاته‌ په‌یوه‌ندى نێوان كوردستان و ده‌سه‌لاتدارانى تاران هه‌رمابوو ، به‌لام هه‌لێكى وا ره‌خسا بوو قازى محه‌مه‌د پێشه‌واى كۆمارى مه‌هاباد به‌ ئاماده‌بوونى مسته‌فا بارزانى نه‌مر توانى ئاڵاى كوردستان هه‌ڵ بكات و كۆمارى دیموكراتى كوردستان رابگه‌یه‌نێت .

هه‌ڵكردنى ئالاى كوردستان رووداوێكى مێژویى بوو هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى هه‌موو كوردێكى پارچه‌كانى ترى كوردستانى وروژاند، راگه‌یاندنى كۆمارى كوردستان له‌ مه‌هاباد یه‌كێكه‌ له‌و رووداوه‌ سیاسییه‌ گرنگانه‌ى سه‌رده‌مى جه‌نگى جیهانى دووه‌م كه‌ كاریگه‌رى كورد نیشان ده‌دات له‌ سه‌ر مێژووى جیهان و ناوچه‌كه‌، ئه‌وكات سه‌ره‌تاى ده‌ست پێكردنى جه‌نگى ساردى نێوان جه‌مسه‌رى خۆرئاواو خۆرهه‌لات بوو یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران   ده‌یویست له‌ رێگه‌ى كوردستان و ئێرانه‌وه‌ بگاته‌ ئاوه‌ گه‌رمه‌كانى كه‌نداو به‌لام ده‌وڵه‌تانى خۆرئاوا كه‌ ده‌مێك بوو له‌ خۆرهه‌لاتى ناوه‌ڕاستدا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوو له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌شه‌وه‌ نه‌وتێكى زۆریان له‌ كوردستاندا دۆزیبۆوه‌ ئاماده‌ نه‌بوون رێ به‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى ولاتێكى وه‌كو یه‌كێتى سۆڤییه‌تى جاران بۆ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بده‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێتى سۆڤییه‌تى جاران له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ئازه‌ربیجانى ئێرانى وكوردستانى ئێراندا راسته‌وخۆ پشتگیرى له‌و گۆڕانكارییانه‌ كرد كه‌ له‌ كوردستان و ئازه‌ربیجاندا روویدا به‌لام پاش ته‌واو بوونى جه‌نگى دووه‌مى جیهانى مۆسكۆ له‌ هه‌موو گفت وپشتگیرییه‌كانى پاشگه‌ز بۆوه‌ و كۆمارى كوردستانیش له‌ مه‌هاباد بووه‌ قوربانى به‌رژه‌وه‌ندى ولاتانى ده‌ست رۆیشتووى ئه‌و سه‌رده‌مه‌.

شیاوى باسه‌ مسته‌فابارزانى و پێشمه‌رگه‌ بارزانیه‌كان هێزێكى سه‌ره‌كى به‌رگرى كردن بوون له‌ كۆمارى مه‌هاباد و چه‌ندین داستانى به‌رگرى كردنییان له‌ دژى ئه‌رته‌شى هێرشهێنى شاى ئێران ئه‌نجامدابوو تا دوا ساتى كۆماریش پشتیوان و به‌رگریكارى كۆمارى دیموكراتى كوردستان بون له‌مه‌هاباد و پشتیوانى قازى محه‌مه‌دى پێشه‌وا بوون. 

قازى محه‌مه‌د ساڵى 1900 هاتووه‌ته‌ ژیانه‌وه‌ و زمانه‌كانى فارسى و عه‌ره‌بى و ئینگلیزى زانیوه‌ و خوێندنه‌وه‌ى زمانى فره‌نسى و ئالمانى و ڕوسیش فێر ببوو، كاتێك سوپاى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت له‌ باكوورى ئێران كشایه‌وه‌ و هێزه‌كانى ئێران هێرشیان بۆ سه‌ر كۆمارى مه‌هاباد هێناقازى محه‌مه‌د به‌مه‌به‌ستى پاراستنى هاوڵاتیانى كوردستان، خۆى كرده‌ قوربانیى وخۆى به‌ده‌ستى سووپاى ئێرانه‌وه‌ دا.

جێى باسه‌ بارزانیى نه‌مرو پێشمه‌رگه‌كانى هێزێكى جوامێر و پشتێكى قایمى كۆمارى مه‌هاباد بوون، كه‌ تا دواسات به‌رگرییه‌كى قاره‌مانانه‌یان له‌ كۆمارى مه‌هاباد كرد قازى محه‌مه‌دیش دواى خۆى ئاڵاى كوردستانى دایه‌ ده‌ستى بارزانیى نه‌مر، راگه‌یاندنى كۆمارى دیموكراتى كوردستان له‌ مه‌هاباد یه‌كێك بوو له‌و كاریگه‌رییانه‌ى كه‌ نه‌ته‌وه‌ى كورد له‌ مێژووى جیهان و ناوچه‌كه‌و كوردستاندا نه‌خشاندنى و له‌سه‌ر سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى و ستراتیژێتى هاوپه‌یمانانى براوه‌ى جه‌نگى دووه‌مى جیهانىدا كاریگه‌رى هه‌بووه‌.   

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.