Erbil 7°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 23:59

بایکۆتی کورد و سوننه‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌

سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2018
کوردستان TV
#7
100%


فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سوننە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقیان بایکۆت کرد، تاوەکو ئەو کاتەی حکومەت داواکارییەکانیان سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2018 جێبەجێ دەکات.

بڕیار بوو ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ دانیشتنى ئاسایی خۆی ئه‌نجام بدات، به‌ڵام به‌هۆى بایكۆتكردنى فراكسیۆنه‌كانى كورد  و سوننه‌، دانیشتنه‌كه‌ بۆ سبه‌ى پێنجشه‌م دواخرا.

میدیاكانی عێراق بڵاویان كرده‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق دانیشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مانى دوا خست به‌ هۆى ئاماده‌نه‌بوونى ڕێژه‌ى یاسایى په‌رله‌مانتاران.

به‌ پێى زانیارییه‌كان دواى ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ بۆ ساڵى 2018 خرایه‌ كارنامه‌ى دانیشتنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، فراكیسۆنه‌كانى سوننه‌ و فراكیسۆنه‌ كوردییه‌كان بڕیارى بایكۆتكردنى دانیشتنه‌كه‌یان دا، به‌مه‌ش رێژه‌یى یاساى ئاماده‌بوون ته‌واو نه‌بوو.

به‌وهۆیه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ خرایه‌ سبه‌ى پێنجشه‌م كه‌ بڕیاره‌ له‌ سه‌عات یه‌كى دواى نیوه‌رۆ ئه‌نجام بدرێت. جیا له‌مه‌ش بڕیار دراوه‌ به‌یانى سه‌عات 11 لیژنه‌ى یاسایى بۆ تاوتوێكردنى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆ ببێته‌وه‌.

بایكۆتكردنى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان بۆ دانیشتنى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، بڕیارێكى له‌ ناكاو نه‌بوو، به‌ڵكو دوێنێ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان بڕیارى له‌سه‌ر درابوو.

پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ و یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان دوو بابه‌تى گرنگن كه‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ماوه‌ى 20 رۆژه‌ ناتوانێ كار بۆ به‌ره‌وپێشچوونیان بكات.

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی 2018 بەندکراوە بە ژمارەی دانیشتووانەوە، بە گلدانەوەی خەرجییە سیادییەکانیش پشکی هەرێمی کوردستان کەمدەبێتەوە بۆ 12.67% ی بودجەی 2018.

لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018 ـی عێراق بڕی بودجە بە نزیکەی 104 ترلیۆن دینار دیاریکراوە و پێشبینی دەکرێت 13 ترلیۆن دینار کورتبێنێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.