Erbil 20°C پێنجشەممە 03 تشرینی یەکەم 07:33

گرژییه‌کانی شه‌وی رابردوو له‌ چه‌مچه‌ماڵ خوێنڕشتن و ده‌ستگیرکردنی به‌دواوه‌ بوو

وردەکارى ڕووداوەکەى گرتوخانەى فیدراڵى چەمچەماڵ
کوردستان TV
#7
100%


لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان هێزێکی دژە تیرۆری یەکێتی و چەند چەکدارێکی یەکێتی کەسێک کوژرا و چەند کەسیکیش برینداربوون و سێ کەسیش دەست بەسەر کراون.


شەوى ڕابردوو شەڕ و پێکدادان له ‌نێوان هێزەکانى دژەتیرۆرى یەکێتى و ژمارەیەک چەکدار لەنزیک گرتوخانەى فیدراڵى چەمچەماڵ روویدا، لەئەنجامدا چەکدارێک گیانى لەدەستداو 3 چەکدارى تریش برینداربوون، 5 چەکداریشیان لەلایەن دژە تیرۆرەوە دەستگیرکراون.

گرتوخانەى فیدراڵى چەمچەماڵ سەربە حکومەتى عێراقیە و سەرجەم زیندانیەکانى نێوى بەبریارى دادگاکانى عێراق دەستگیرکراون، لەئێستادا حکومەتى عێراق بریارى داخستنى ئەو گرتوخانە و گواستنەوەى زیندانیەکانى نێوى بۆ خواروى عێراق داوە.

بەپێى راگەیەنراوێکى دەزگاى دژەتیرۆرى یەکێتى، حکومەتى عێراق بریارى داخستنى ئەو گرتوخانەى داوە و شەوى رابردوو ویستویانە هاوکاربن بۆ گواستنەوەى زیندانیەکانى نێوى بۆ گرتوخانەى فیدراڵى سوسێ، بەڵام لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە هێرشیانکراوەتە سەر.

وەکو لەراگەیەنراوەکەى دژە تیرۆردا هاتووە شەڕ لەنێوان هێزەکانیان و چەکدارەکاندا دروستبووە، بەو هۆیەوە چەکدارێک کوژراوە و 3 چەکداریش برینداربوون، 5 لەچەکدارەکانیشیان دەستگیرکردووە.

ئەو چەکدارانەى لەگەڵ دژەتیرۆردا ڕووبەرووى یەکترى بونەتەوە سەرجەمیان خەڵکى چەمچەماڵن، نارازى بوون لە داخستنى گرتوخانەکە و گواستنەوەى زیندانیەکانى نێوى، بۆیە ویستویانە رێگرى بکەن.

سەبارەت بەهۆکارى نارازى بوونى ئەو چەکدارانە لەداخستنى گرتوخانەکە، سەرچاوەیەکى ئاگادار بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بەشێکى پەیوەندى بەوەوە هەبووە کە کەس و کارى زیندانیە کوردەکان دژى گواستنەوەى زیندانیەکان بوون بۆ خواروى عێراق.

وتیشى: بەشێکی تریشى پەیوەندى بەوەوە هەبووەبۆ دابینکردنى پێداویستیەکانى گرتوخانەى فیدراڵى چەماڵ، هەندێک لەچەکدارەکان گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتى عێراقدا هەیە، لەئێستادا پارەیان لاى حکومەتى عێراقەو ترسیان هەبووە گرتوخانەکە دابخرێت و پارەکەیان بفەوتێت، بۆیە نارازى بوون لەداخستنى گرتوخانەکە.

کادیر نازم، براى بێستون شەهید نازم کە لەرووداوەکەى شەوى رابردوو گیانى لەدەستدا، تەنها ئەوەندەى بەدەنگى ئەمەریکا راگەیاند"ئەوان سەرۆکى دەزگاى دژەتیرۆر بە تۆمەتبارى رووداوەکە دەزانن.

ئەو چەکدارانەى شەوى رابردوو گیانیان لەدەستداو برینداربوون، کەس و کاردارن لەنێو چەمچەماڵدا، بۆیە مەترسى روودانى شەڕ و کێشە لەئارادابووە، بەڵام بەپێى وتەى قایمقامى چەمچەماڵ هەوڵەکان بەردەوام بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە بەلێکتێگەیشتن.

رەمک رەمەزان قایماقامى چەمچەماڵ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند کەسایەتى و خەڵکانى ریش سپى لەهەوڵى هێورکردنەوەى دۆخەکەن، چاوەرێى هیمەتى زیاتریشین بۆ ئەوەى شتى تر روونەدات و قوربانى لێبکەوێتەوە."

وتیشى"ئەوەى قسەى خێر بکات، ئێمە سوپاسى دەکەین."

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ لەمبارەیەوە کادیر نازم حەمە سلێمان، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە و کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لاهوور جەنگی، بەبێ ئەوەی ئیدارەی چەمچەماڵ ئاگادار بکاتەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو ھێزێکی دژەتیرۆری ناردووە بۆ گرتوخانەی چەمچەماڵ، بۆ ئەوەی بەندکراوەکانی نێو گرتوخانەکە بگوازێتەوە، بەڵام ھەموو کەسێک دەزانێ گرتوخانەکە لەنێو زەویی ئێمەدایە و چەند ساڵێکە کەسوکاری ئێمە سەرپەرشتیی کافتریا و خزمەتگوزاریی گرتوخانەکە دەکەن، بێگومان کەسوکاری ئێمە داوای ئەوەیان کردووە کە نابێت بەندکراوەکان بگوازنەوە، تا ئەو کاتەی بڕی ئەو پارەیە وەردەگرینەوە کە بۆ گرتوخانەکە خەرج کراوە“.

ئاماژەشی بەوە کرد: ”ھێزەکەی لاھوور جەنگی لەگەڵ سوپای عێراقدا ڕێککەوتنیان کردووە و ئەوکاتەی کە ڕێگری لە گواستنەوەی بەندکراوەکان کراوە، دژە تیرۆر پەیوەندییان بە لاھوور جەنگی کردووە و ئەویش ھێزێکی فراوانی بەچەکی قورسەوە ناردووە، کاتێکیش ھێزەکە نزیکی گرتوخانەکە بوونەتەوە، تەقە لە براکانی ئێمە کراوە، بەداخەوە بەھۆی تەقەکانی دژەتیرۆرەوە برایەکی ئێمە شەھید بووە و دوو برای دیکەمان بریندار بووە“.

رەمک رەمەزان وتى"ئێمە هەوڵێکى زۆرمان دا تا زیندانیە کوردەکان بۆ خواروى عێراق نەبرێن و بۆ گرتوخانەى سوسێ بگوێزرێنەوە، ئەوەبوو بریاردرا ببرێنە سوسێ."

لەئێستادا گرتوخانەى فیدراڵى چەمچەماڵ هێزێکى دژەتیرۆرى تێبراوە، قایمقامى چەمچەماڵ دڵنیانەبوو لەوەى زیندانیەکانى نێو گرتوخانەکە گواستراونەتەوە، یاخود بەهۆى روداوەکانى شەوى رابردوەوە پرۆسەى گواستنەوەیان راگیراوە.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌م سنووره‌ رایگه‌یاند هۆکاری پێکدادانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو زەوییەی گرتووخانەکەی لەسەر بینا کراوە، موڵکی ئەو کەسانەی عەشیرەتی شوانە، لە هەمان کاتیشدا ئەوان گرێبەستی دابینکردنی خۆراکی گرتوخانەکەیان لە حکومەتی عێراقی وەرگرتووە، بەهۆی ئەوەی کە گرتووخانەکە دادەخرێت و زیندانییەکان دەگوازرێنەوە گرتووخانەی سوسێ، دژە تیرۆری یەکێتی دەیەوێت باڵەخانەکە بکەوێتە دەست خۆی و خاوەن موڵکەکانیش دەیانەوێت لەدەستی خۆیان بمێنێتەوە، پێکدادانەکە رووی داوە.

گروتوخانەى فیدراڵى چەمچەماڵ پێشتر 1780 زیندانى تێدابووە و ماوەى مانگ و نێوێکە لێیان دەگوێزرێتەوە، دواجار تەنها 400 زیندانى تێدا ماوەتەوە کە 300 زیندانیان کوردبوون، ئەمەش بەپێى وتەى قایمقامى چەمچاڵ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.