بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بڕیاری دا بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق نەکات و رایگەیاند، بە لیستی سەربەخۆ ناچێتە نێو گەمەیەکی عێراقییانەوە.
لە راگەێیندراوێکدا بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە لە سەرەتاوە داوامان لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان کردووە بۆ لادان یان راستکردنەوەی ئەدا و سیاسەتی ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە شکستخواردووەی کوردستان، پێویستە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەرەوەی دەسەڵات هاوپەیمانێتی هاوبەش پێکبهێنن بۆ کۆتاییهێنان بە چارەکە سەدەیەک ستم و گەندەڵی، بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر دەستکەوتەکانی کورد و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەیە، پێویستە هەموو لایەکمان یەکگرتووبین و شکست بە پیلان و هەڕەشەکان بهێنن".
بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەکات، لە چەند رۆژی رابردوودا بزووتنەوەی ئیسلامی داواکاری هەموو ئەو لایەنانەی رەتکردووەتەوە کە هەریەکەیان بە جیا داوای هاوپەیمانێتییان لێکردووە.
بۆ هەڵبژاردنەکانیی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە لە 12-5-2018 پێکەوە ئەنجامبدرێن، پێشنیازێک هەبوو هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداری بکەن، بەڵام پێشنیازەکە جێبەجێ نەکرا.
دوای ئەم هەنگاوە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش دەڵێت بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات.
هادی عەلی، گوتەبێژ و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سیاسی یه‌كگرتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمه له‌سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ بژارده‌ی لیستی هاوبه‌ش بووین بۆ لایه‌نه كوردستانییەکان، به‌ڵام كه ئه‌م بژارده‌یه ئه‌نجامی نه‌بوو، یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان به بژارده‌ی لیستی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌كات".
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، لەبەر ئەوەی لیستی هاوبەشی لایەنە کوردییەکان ئەنجامی نەبوو، بڕیارمانداوە بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەین.
سه‌باره‌ت به چۆنیەتی بەشداریکردنیان لە هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق له ناوچه کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ، هادی عەلی گوتی: "ئێمه له‌گه‌ڵ بژارده‌ی لیستی هاوبه‌ش بووین بۆ هه‌موو لایه‌نه كوردییه‌كان، به‌ڵام كه ئه‌م بژارده‌یه ئه‌نجامی نه‌بوو، به بژارده‌ی لیستی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌كەین".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.