سەڵاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، ئەمڕۆ یەکشەممە 14/1/2018، ڕایگەیاند" ئێستا لە کەرکووک لە ھەموو سەردەمەکان زیاتر پڕۆسەی تەعریبکردن دەستی پێکردووە و ئەو پڕۆسەیەش مەترسیدارە و ئەو خەڵکانەی کە بە ھەر ھۆکارێکەوە بوبێت لە شوێنەکانی ترەوە ھاتبوونە کەرکووک، تا پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کارتی زانیارییان بۆ نەکرا بوو، چونکە بڕیاربوو بگەڕێنەوە شوێنەکانی پێشوویان، بەڵام ئێستا ڕۆژانە بە لێشاو کارتی زانیاری بە مەبەستی تەعریبکردن دەردەکرێت".
بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە ئێستا تەعریبکردن، خەڵک کوشتن، تاڵانکردن و دزینی ئۆتۆمبێل لەکەرکووکدا ھەیە، بۆیە دۆخی شارەکە پێویستی بە گۆڕانکارییە، چونکە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا بارودۆخەکە لەوەی کە ئێستا ھەیە خراپتر دەبێت.
تێزانین ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن و هاوكارى لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکارى لایهنێكى كوردى، پەلاماری شارى کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان داو دەستیان بە سەر ئهو ناوچانهدا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کردو نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون ، سهربارى ئهوهى چهندین دوكان و خانووى هاولاتیانى كوردیان لهو ناوچانه سووتاند.
دوو رۆژ دواى رووداوهكه، واته له ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند" ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە.
ههروهها له ڕۆژی 27/12/2017ش، جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند" هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.