فەلاح مستەفا، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سیامەک بوڕهانى، جێگرى کونسوڵى گشتیى کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە هەولێر کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوە، فەلاح مستەفا بەفەرمى نیگەرانی و ناڕەزاییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى گەیاندووەتە کۆمارى ئیسلامیى ئێران سەبارەت بە لێدوانێکى موحسین رهزایى، ئەمیندارى ئهنجوومهنى دهستنیشانكردنی بهرژوهندییهكانى ئەو وڵاتە، کە گوایە خۆپیشاندانهكانى ئێران له ههولێرهوه پلانیان بۆ دانراوە و بهڕێوهدهبرێن.
لە دیدارێکدا کە عەبدوڵڵا ئاکرەیى، بەڕێوەبەرى گشتیى بەشی ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەبوو، فەلاح مستەفا گوتى: "لێدوانى ئەمیندارى ئهنجوومهنى دهستنیشانكردنی بهرژەوهندییهكانى ئێران پێچەوانەى بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکانە بۆ پەیوەندى دوولایەنە، چونکە قسەکانى چەند تۆمەتێکى هەڵبەستراوى بێبنەمایە و یەکەمجاریش نییە ئەم تۆمەتانە لەلایەن گەورە بەرپرسانى ئێران بڵاودەکرێنەوە، داواشى لێدەكەین ئەگەر ناوبراو هەر بەڵگەیەکى هەیە لەسەر ئەم مەسەلەیە با بیخاتەڕوو".
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت دووپاتیکردەوە: "ئەم لێدوانە بە هەڵوێستێکى نەگونجاو دەبینین و دژى پەیوەندی نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێرانە"، هاوکات جەختیکردەوە کە حکومەتى هەرێمی کوردستان خوازیارى پەیوەندى دۆستانەیە لەگەڵ تەواوى وڵاتانى ناوچەکە و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى.
لەبەرامبەردا سیامەک بوڕهانى، جێگرى کۆنسوڵى گشتیى کۆمارى ئیسلامیى ئێران رایگەیاندووە: "من ئەو نیگەرانیانەى ئێوە بەهەند هەڵدەگرم و دەیگەیێنمە بەرپرسانى باڵاى وڵات لە تاران".
بوڕهانى گوتیشى" ئێمە لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکومەتى هەرێم دەکەین و هەردوولا لەسەر ئاستى باڵا کۆکین لەسەر بەردەوامبوون و فراوانبوونى پەیوەندییەکانى نێوانمان، بۆ ئەم مەبەستە لێکتێگەیشتن بۆ سەرجەم پرسەکان هەیە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.