Erbil 8°C سێشەممە 31 کانونی یەکەم 01:00

پارێزگاری دهۆک و پارێزگاری نه‌ینه‌وا رێککه‌وتن له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی رێگای هاتوچۆی نێوان هه‌ردوولا 

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پارێزگاری نه‌ینه‌وا سه‌ردانی پارێزگای دهۆكی كردووه‌ 
کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا و پارێزگاری دهۆك رێككه‌وتن كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا، رێوشوێنه‌كان به‌ ئامانجی كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی نێوان دهۆك و مووسڵ ته‌واو بكرێن.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌شار كیكی و پارێزگاری نه‌ینه‌وا به‌ وه‌كاله‌ت، عه‌بدولقادر شنگالی سه‌ردانی باڵه‌خانه‌ی پارێزگای دهۆك-یان كرد و له‌ لایه‌ن پارێزگاری دهۆكه‌وه‌، فه‌رهاد ئه‌تروشی پێشوازییان لێكرا و دواتر كۆبوونه‌وه‌.

به‌ پێی روونكردنه‌وه‌كه‌، ئامانج له‌ سه‌ردانه‌كه‌، تاوتوێكردنی رێوشوێنه‌كان بوو به‌ ئامانجی كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی نێوان مووسڵ و دهۆك به‌ رووی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و بازرگانان.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا، ره‌وشی ئاواره‌كانی سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وایان له‌ دهۆك تاوتوێكردووه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامی پێشكه‌شكردنی پشتیوانییه‌كان بۆ ئاواره‌كان كردووه‌ته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان.

لای خۆیه‌وه‌ به‌شار كیكی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هاوبه‌شه‌ سازكراوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو له‌ نێوان هه‌ردوو كارگێری نه‌ینه‌وا و دهۆك واژوو كراوه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هه‌ردوولا كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان ساز كرد كه‌ تیایدا پارێزگاری دهۆك، فه‌رهاد ئه‌تروشی جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی نێوان مووسڵ و دهۆك كرده‌وه‌ كه‌ نه‌ینه‌وا به‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، هه‌رێمی كوردستان، توركیا و جیهان ده‌به‌ستێته‌وه‌ گوتی: له‌به‌ر ئه‌مه‌ داوام له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كردووه‌ ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان له‌و رێگه‌یه‌ بكه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌شار كیكی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ كردنه‌وه‌ی رێگه‌كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێوان دانیشتوانی هه‌ردوو پارێزگای دهۆك و نه‌ینه‌وا، وێرای ئه‌وه‌ی ره‌وشی ئابووری له‌ پارێزگاكه‌ ده‌بوژێنێته‌وه‌.

به‌شار كیكی هه‌روه‌ها داوای له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی كرد كه‌ فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كان به‌ ئاراسته‌ی لابردنی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی نێوان مووسڵ و دهۆك و هاتوچۆی هاووڵاتییان و بازرگانان راسپێرێت. 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.