خۆپیشاندانه‌كانی هاووڵاتیيانی ئێران له شاره‌كانی ئه‌م وڵاته هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆری وڵاتان و كه‌سایه‌تییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌دواوه بووه و له‌م میانه‌یه‌شدا چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ئێرانی تاراوگه پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپیشانده‌رانی ناوخۆی ئێران ده‌ربڕیوه.
له‌ناویاندا گۆرانیبێژه هونه‌رمه‌نده‌كانی وه‌ك داریوش و گوگوش و ئێبی كه رووخساره زۆر ناسراوه‌كانی ئێرانن له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته، پشتیوانی خۆیان بۆ هاووڵاتیانی ناڕازیی خستووه‌ته‌ڕوو.
خاتوو فائیزه ئاته‌شی كه به گوگوش ناسراوه و یه‌كێك له تاراوگه نشینه ناڕازییه‌كانی ئێرانه له‌سه‌ر ئه‌كاونتی تایبه‌تیی خۆی سه‌باره‌ت به خۆپیشانده‌ران نووسیویه‌تیی: ئه‌وانه (خۆپیشانده‌ران) ئه‌و نه‌وه‌یه‌ن كه ناسووتێن.
هه‌روه‌ها داریوش ئیقباڵی كه به تێكسته هه‌ست بزوێنه سیاسیی و رۆمانسییه‌كانی ئه‌و گۆرانییانه‌ی خوێندوویه‌تیی زۆر ده‌مێكه ناسراوه، له‌سه‌ر ئه‌كاونتی خۆی دێڕێك له تێكستی یه‌كێك له سرووده‌كانی خۆی نووسیوه‌ته كه ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا سروودی سه‌ركه‌وتن بخوێنه كه به‌یانی سه‌رهه‌ڵده‌دات به ئاڵای ئێمه‌وه.
جیا له‌م دوو كه‌سایه‌تییه، ئیبراهیم حامیدی ناسراو به ئێبی له‌سه‌ر ئهوكاونتی خۆی نووسیویه‌تیی: سه‌ربه‌رزیی گه‌لی ئێران ئاواتی هه‌موو ئێرانیه‌كانه، به ئومێدی ڕزگاریی له چنگی هه‌ژاریی و بێكاریی و گرانیی و زیندان. به ئومێدی ئه‌و رۆژه‌ی كه ئافره‌تی دلێری ئێرانیی ببێته هێمای ئێرانێكی ئازاد.
بێجگه له‌م هونه‌رمه‌ندانه چه‌ند تاراوگه نشینێكی وه‌ك شوهره سه‌وڵه‌تی و شاهین نه‌جه‌فی گه‌وره راپه‌ڕی تاراوگه نشینیش پشتیوانیی خۆپیشانده‌رانی ئێرانیان كردووه.
سه‌رچاوه: ده‌نگی ئه‌مریكا
مه‌سعود / كوردستان تی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.