Erbil 31°C چوارشەممە 12 ئاب 00:25

پەرلەمانتارانی پارتی لە پەرلەمانی عێراقەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین دەدەن

100%

سیپان شێروانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان، سەرکەوتوو بوون لە کۆکردنەوەی واژووی زیاتر لە 166 پەرلەمانتار.

شێروانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ژمارەیە زۆرینەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پێک دەهێنێت و ئامانج لێی داواکردنە لە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوەکو بە دەم داواکاریی خەڵکی هەرێمەوە بێت و بەپەلە کێشەی بەنزین چارەسەر بکات.

ئەم پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی ڕوونیشی کردەوە کە لە نووسراوە فەرمییەکەدا داواکراوە پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو یان بەنزینی پاڵێوراو بەپێی ڕێژەی دانیشتووان دابین بکرێت.

سیپان شێروانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کودستان تیڤی) راگەیاند:" داوامان لە عێراق کردووە وەک پارێزگاکانی دیکە بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت کە دەکاتە 140 هەزار لیتر بەنزین بۆ ئەو مەبەستە واژۆمان کۆکردووەتەوەو رادەستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی دەکەین

سیپان شێروانی جەختی کردەوە کە ئەم داواکارییە لە چوارچێوەی ماددە دەستوورییەکانە و مافێکی ڕەوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە کە وەک هەر ناوچەیەکی تری عێراق سوود لە سامانی نیشتمانیی وڵاتەکە وەربگرن.

شێروانی هیوای خواست کە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەم فشارە پەرلەمانییە بە جیدی وەربگرێت و ڕێگری لە بەردەوامیی قەیرانی سووتەمەنی بگرێت کە کاریگەرییەکی نەرێنیی گەورەی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دروست کردووە.

چاودێران پێیانوایە ئەم هەنگاوەی فراکسیۆنی پارتی نیشانەی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسی و یاساییەکانی هەولێرە لە بەغدا بۆ مسۆگەرکردنی شایستە دارایی و خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان.






کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.