Erbil 13°C شەممە 21 کانونی یەکەم 15:17

نێچیرڤان بارزانی داوا له‌ په‌رله‌مان ده‌کات رێکارى یاسایی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌کان بگرێته‌به‌ر

دوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەماوەی سێ مانگ تێپەڕنەکات
کوردستان TV
100%


سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نامەیەک ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکات دوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەماوەی سێ مانگ تێپەڕنەکات

نێچیرڤان بارزانی  سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردن نامەیەک ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەماوەی سێ مانگ تێپەڕنەکات.

دەقی نامەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:


بۆ به‌رێز سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان

سه‌باره‌ت به‌ یاداشتی ئه‌ندامانی به‌رێزی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژارده‌نه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئاماده‌ین هه‌موو هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگییه‌كین له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان.

دوای سه‌ردانیشمان بۆ لای زۆربه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی كوردستان و زه‌رووره‌تی پاراستنی یه‌كرێزی ناوخۆیی و زه‌مینه‌سازی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتین كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن باشترین بژارده‌یه‌ بۆ زامنكردنی یه‌كرێزی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێم.
 
بۆیه‌ داوا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین رێكاری یاسایی پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ له‌ ماوه‌ی سێ مانگ تێپه‌ر نه‌كات، تاكو بتوانین له‌و ماوه‌یه‌دا رۆژی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌ین به‌ پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێمان دراوه‌ له‌ بڕگه‌ی (یه‌ك) له‌ مادده‌ی (یه‌كه‌م)ی یاسایی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم.
 
داواش له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی ده‌كه‌ین ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌نجامدانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ بگرنه‌ به‌ر به‌پێی پێوه‌ره‌ یاسایی و نێوده‌ڵه‌تییه‌كان.

ئێمه‌ش له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌موو پێداویسیتیه‌كانی ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌بین.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.