Erbil 31°C ھەینی 07 ئاب 11:00

نێچیرڤان بارزانی لە یادی ڕۆژی شەهیدی ئاشووریدا: کوردستان نیشتمانی هاوبەشی هەمووانە

100%

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یادی 93 ساڵەی ڕۆژی شەهیدی ئاشووریدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سڵاوی ڕێز و وەفاداری بۆ گیانی شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژیی سێمێل نارد. سەرۆکی هەرێم جەختی کردەوە کە ئەو کارەساتەی ساڵی 1933، یەکێک بووە لەو پەڵە ڕەشانەی لە مێژووی عێراقدا دژی پێکهاتەکان ئەنجام دراوە.

لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەو سەردەمەدا، دانیشتووانی زیاتر لە 60 گوندی پارێزگاکانی مووسڵ و دهۆک بوونە قوربانیی دەستی دەسەڵاتی پاشایەتیی ئەو کاتەی عێراق. نێچیرڤان بارزانی ئەم یادە بەئازارەی بە دەرفەتێک زانی بۆ دووپاتکردنەوەی بەهاکانی پێکەوەژیان، فرەیی و یەکترقبووڵکردن لە هەرێمی کوردستاندا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر پاراستن و قووڵترکردنەوەی کلتووری پێکەوەژیان کردەوە و ڕایگەیاند، کە پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە ژێر چەتری نیشتماندا هەست بە دڵنیایی بکەن. نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دایە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و وتی: "کوردستان بۆ هەمیشە بە نیشتمانی هاوبەشی هەمووان دەمێنێتەوە."

ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی هەرێم لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی دیاری پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە ناوچەکەدا دەبینرێت. چاودێران پێیان وایە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی جەختکردنەوەیە لەسەر ستراتیژیی هەرێم بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان و ڕێزگرتن لە مێژوو و قوربانییەکانیان تاوەکو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کۆمەڵکوژییانە بگیرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.