Erbil 8°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 09:40

ئه‌مه‌ریکا: جه‌نگى دژى داعش له‌ عێراق کۆتایی نه‌هاتووه‌

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌
کوردستان TV
100%

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا  گوتی: رزگاربوونى عێراق له‌ ده‌ستى داعش ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ جه‌نگى دژه‌ داعش كۆتای هاتووه‌.

هێزه‌ر ناورت گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاند راگه‌یاندنه‌كه‌ى عێراق ئاماژه‌یه‌ بۆ كۆتاهاتن به‌ دوایین پاشماوه‌كانى داعش له‌ عێراق، خه‌ڵكانى دانیشتووانى ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و رێكخراوه‌ وه‌حشیگه‌رییه‌ رزگاریان بووه‌.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ده‌ڵێ، ئه‌مه‌ریكا ده‌نگى خۆى ده‌خاته‌ پاڵ ده‌نگى حكوومه‌تى عێراق بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى رزگاركردنى عێراق ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ جه‌نگى دژى داعش له‌ عێراق كۆتاى هاتووه‌". ده‌ڵێ: ده‌بێت وریا بین بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ر بیروباوه‌ڕێكى توندره‌وانه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى داعش و ده‌ركه‌وتنى هه‌ڕه‌شه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ى گروپى تیرۆریستى تر بێت.


راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

دوای سێ ساڵ لە شەڕێکی سەخت، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران تەواوی خاکی عێراقی لەژێر کۆنترۆڵی داعش دەرهێنا، ئەمریکا سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی چەپڵەڕێزان دەکات و لە دڵەوە پیرۆزبایی ئاراستی خەڵکی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی دەکەین.

زۆر خەڵک لە شەڕی دژی داعش گیانی خۆیان فیداکرد، ئەم سەرکەوتنە نیشانەی ئەوەیە خەلافەتەکەی داعش کاڵبووەتەوە و خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش رزگارکراون.

ئەمریکا هاوهەڵوێستە لەگەڵ عێراق لەسەر ئەوەی ئازادکردنی وڵاتەکە مانای ئەوە نییە کە شەڕی دژی تیرۆر و هەتا شەڕی دژی داعش لە عێراق کۆتاییهاتووە. ئەمریکا شانبەشانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی  کار بۆ لەنێوبردنی داعش دەکات.

بەردەوامیش دەبین لە پشتگیریکردنی هێزە عێراقییەکان، لە مەشق و راهێنان و پێدانی کەرەستەی سەربازی. بەیەکەوە دەتوانین ئازایانە بەرەنگاری ئایدۆلۆژیای تووندئاژۆ ببینەوە و نەهێڵین جارێکی دیکە داعش و هەڕەشەکانی دی ببنە جێگەی مەترسی لەسەر خاکی عێراق.

بەدرێژایی ئەو کاتانەی خاک لەژێر پێیاندا بوو، داعش قێزەونی خۆی نیشاندا لە بەکارهێنانی منداڵان و خەڵکی مەدەنی وەکو قەڵغان، هاوکات نەخۆشخانە و مزگەوت و زانکۆ و قوتابخانەکانی دەکردە بنکەی سەربازی و کۆگای چەک و تەقەمەنی و شوێنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان. هاوپەیمانێتیی نێودەەوڵەتی شانازی بە پشتگیریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات کە شەڕێکی ئازایانەی تیرۆرستانیان کرد.

لەپاڵ هەموو خەسارەتە مرۆییەکان، داعش کاولکارییەکی گەورەی لەدوای خۆیدا بەجێهێشت. ژمارەیەکی لە هەژمارنەهاتووی خەڵکی لە ماڵەکانیان دەربەدەرکرد و زەرەر و زیانی زۆری بە ژێرخان گەیاند.

لە 2014ەوە ئەمریکا ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلاری وەکو یارمەتی مرۆیی پێشکەشی عێراق کردووە. 265 ملیۆن دۆلاری بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری عێراق تەرخانکردووە، هەروەها 112 ملیۆن دۆلاری لە پرۆسەی پووچەڵکردنەوەی مین و راهێنانکردن بە هێزە عێراقییەکان لەسەر مەترسی مین تەرخانکردووە کە داعش لەدوای خۆیدا بەجێیهێشتوون. ئەم هەموو یارمەتییانە یارمەتیدەر بوون لە پاراستنی سەلامەتی گیانی خەڵک و گەڕانەوەی 2 ملیۆن و 700 هەزار کەس بۆ ماڵەکانیان.

بە هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی عێراق، ئێمە بەردەوامدەبین لە یارمەتیدانی هاوڕێ عێراقییەکانمان تاوەکو بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگاکانی خۆیان، هەروەها پشتگیرییان دەکەین تاوەکو ژیانیان بنیاتدەنێنەوە، پشتگیریمان بۆ عێراق و خەڵکەکەی لە پاراستنی سەقامگیری ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەستی داعش بەردەوامدەبێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.