Erbil 30°C دووشەممە 16 ئەیلوول 21:51

مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە هێزی زیاترەوە ڕووبەڕووی پێشهاتەکان دەبێتەوە

مەسرور بارزانی پێشوازیی لە پایڤی لاینێ باڵیۆزی فنلەندا لە بەغدا ده‌كات
کوردستان TV
100%

 
باڵیۆزی فنلەندا رایگه‌یاند پەیامی ئەوروپا بۆ هەردوولا ئەوەیە کە پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی نەبردرێت و هەرچی زووتر گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکرێت و بە پێێ دەستوور گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن.

ئەمرو مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە پایڤی لاینێ باڵیۆزی فنلەندا لە بەغدا کرد.

لە دیدارەكه‌دا دوا پێشهاتەکانی دەڤەرەکە و پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەردوولا تاوتوێ کران، لە بارەی رەوشی نێوان هەولێر و بەغداوە باڵیۆزی فنلەندا وتی کە پەیامی ئەوروپا بۆ هەردوولا ئەوەیە کە پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی نەبردرێت و هەرچی زووتر گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکرێت و بە پێێ دەستوور گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لەوبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەی دەست پێکردنی گفتوگۆیەکی کراوە و راستەوخۆیە تاکو گشت ناکۆکیەکان چارەسەر بکرێن و هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەست پێ بکات.

مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەمیشە رێکارە سەربازیەکان و توندوتیژیی رەت کردۆتەوە و پەنای بۆ ئامراز و رێگە دیموکراتیکەکان بردووە کە ریفراندۆمیش یەکێک بووە لەمانە، بەڵام بەداخەوە لەم دەڤەرەدا هێشتا زەمینەی قبوڵ کردنی ئەم ئامرازانە لەبار نییە.

مەسرور بارزانی ئاواتی خواست کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکار بن بۆ ئەوەی کێشەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی زەمینەی سەرهەڵدانی توندووتیژی لەناو ببردرێت.

لەبارەی ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم گوتی کە هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە یەکریزی و بە هێزی زیاترەوە ڕووبەڕووی پێشهاتەکان دەبێتەوە و بەرگری لە مافە دەستووریەکانی هاولاتیانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم دەکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.